حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی
له ماڵپه‌ڕی گیاره‌نگ وه
هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت بۆ کاره‌ساتی جه‌رگ‌بڕی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی 1366ی هه‌تاویی به‌رامبه‌ر به 28 ـ 06 ـ 1987ی زائینی دێنه سه‌ر شه‌قام‌و کۆڵانه‌کانی شار و به چه‌ند چالاکی‌یه‌کی هونه‌ری و ئه‌ده‌بی یادی شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌م کاره‌ساته ده‌که‌نه‌وه، ئه‌و ساڵ بیسته‌مین ساڵی ئه‌م تراژیدی‌یه گه‌وره‌یه و خه‌ڵک دیسان ده‌یان هه‌وێ ڕێز له خۆشه‌ویستانی له ده‌ست چوویان بگرن و وه‌ک ساڵانی پێشوو و بگره هێندێک باشتریش یاد کردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی خۆیان به‌رێوه به‌رن.کاتژمێر چواری دوا نیوه‌رۆی ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی 1366ی هه‌تاویی چوار شوێنی پڕ حه‌شیمه‌ت له شاری سه‌رده‌شت که‌وتنه به‌ر هێرشی فرۆکه‌کانی عێراقی و به بومب و گازی خه‌رده‌ل به خه‌ستی بۆردوومان کران، دیاره هاوکات له گه‌ڵ بۆردوومانی شاری سه‌رده‌شت گوندی "ڕه‌شه‌هه‌رمێ و ده‌شتی که‌پران"یش که‌وتبوونه به‌ر ئه‌و په‌لاماره. له‌و کاره‌ساته سامناکه دا زیاتر له هه‌شت هه‌زار که‌س له دانیشتوانی "سه‌رده‌شت" ئه‌و شاره کوێستانی‌یه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان شه‌هید و بریندار بوون، ئێستا دوای 20 ساڵ به سه‌ر ئه‌و تراژیدیایه دا هیچ که‌س ئاوڕی له خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت نه‌داوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ر که ڕۆژی بوردومانی شاری سه‌رده‌شته له ڕۆژمێره‌کانی ئێرانی دا به هه‌شتی پوشپه‌ر نووسراوه، بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ یه‌کێک له ڕۆژه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران یه‌ک بگرێته‌وه، دیاره هه‌تا ئه‌مرۆش ناوی ته‌واوی شه‌هید و برینداره‌کانی ئه‌و کاره‌ساته تۆمار نه‌کراوه و هیچ ڕێز و حورمه‌تێک له که‌س و کاری به جێ ماوی ئه‌و قوربانی‌یانه ناگیراوه و ناگیرێ، هه‌ر بۆیه خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت له هه‌موو کاتێک زیاتر هه‌ست به بێ که‌سی و لێنه‌پرسینه‌وه ده‌که‌ن و هه‌ر ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه که ئازاری زۆر به‌م بێ موبالاتی‌یه‌وه بکێشن.ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له 20 ساڵ له‌مه‌و‌به‌ری شاری سه‌رده‌شت بده‌ینه‌وه، ئه‌و کات دانیشتووانی سه‌رده‌شت نێزیک به 25 هه‌زار که‌س بوو، ماوه‌ی 8 ساڵ بوو، له نێوان دوو دیکتاتۆری به خوێن تینوی کوردان "ئێران و عێراق" شه‌ر داگیرسا بوو، پێش ئه‌و کاره‌ساته چه‌ندین جار له لایه‌ن عێراقه‌وه ناوچه‌ی پڕ سه‌وزه‌ڵانی سه‌رده‌شت بۆمباران کرا بوو و هه‌ر جاره‌ی چه‌ندین که‌سی لێ ببوونه قوربانی. به‌ڵام په‌لاماری ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ری ساڵی 1366ی هه‌تاویی، وه‌ک هێرشی جاره‌کانی دیکه نه‌بوو که ته‌نیا به دانی چه‌ند قوربانی‌یه‌ک ئه‌و ڕۆژه به فه‌رامۆشی بسپێردرێ و یا چه‌ند ڕۆژ دواتر دانیشتوانی شار و ئه‌م ده‌ڤه‌ره، ده‌ست بکه‌نه‌وه به کاری ئاسایی و ڕۆژانه‌ی خۆیان، به‌ڵکوو ئه‌و په‌لاماره دڕندانه‌یه ئه‌وه‌نده قورس و به ژان بوو که ئێستاش دوای 20 ساڵ به سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی‌یه دا، زامدارانی ئه‌و کاره‌ساته به ئێش و ئازاره‌وه ده‌تلێنه‌وه و هه‌موو ساڵێک چه‌ندین که‌س به‌ره‌و مه‌نزڵگه‌ی ئاخره‌ت کۆچ ده‌که‌ن و له ته‌نیشت قوربانی‌یه‌کانی دیکه له گۆرستانی گرده‌سوور مه‌نزڵ ده‌گرن.ڕۆژی حه‌وتی پوشپه‌ر که شاری سه‌رده‌شت بوردومان کرا، ته‌نیا چه‌ند که‌سێک نه‌بوونه قوربانی به‌ڵکوو شارێک خنکێندرا و شارێک ژه‌هر خواردوو کرا. به داخه‌وه له به‌ر ئه‌وه شاری سه‌رده‌شت ته‌نیا یه‌ک ڕێگای هات‌وچۆی ماشێنی هه‌بوو بۆ چوونه ده‌ر له شار، خه‌ڵک زیاتر تووشی گیرۆده بوون به سه‌م و گازی خه‌رده‌ل بوون، له به‌ر ئه‌وه ئه‌م ڕێگایه‌ی هاتووچۆی پێدا ده‌کرا، تاقه ڕێگای په‌یوه‌ندی بوو له نێوان شاره‌کانی مه‌هاباد و بانه و پیرانشار دا، ئه‌ویش که‌وت بوو به‌ر یه‌کێک له بۆمبه‌کان و ئه‌و شه‌قامه سه‌ره‌کی‌یه‌ش ژه‌هراوی ببوو، هه‌ر بۆیه ئه‌و که‌سانه‌ی که له ماڵه‌کانی خۆیان دا بوون و به ساخی ڕزگاریان ببوو و ده‌یان هه‌ویست له شار بچنه ده‌ر و خۆ له‌و نه‌هامه‌تیه ڕزگار بکه‌ن، له کاتی ده‌رچوونیان به‌م ڕێگایه دا و له کاتی هه‌ناسه کێشان دا، تووشیان به تووشی گازی خه‌رده‌له‌وه ده‌بوو و پاش چه‌ند کاتژمێرێک ده‌چوونه ڕیزی زامداره‌کانی دیکه‌ی شاره‌وه، هه‌ر بۆیه جیا له‌و که‌سانه‌ی که له یه‌که‌م چرکه‌کانی ئه‌و په‌لاماره دا شه‌هید و بریندار ببوون، که‌سانی دیکه‌ش هه‌بوون که له کاتی ده‌رباز بوون دا بۆن و هه‌وای ژه‌هراوی شه‌قام و کۆڵانه‌کانی دیکه‌ی شاریان هه‌ڵمژی بوو و تووشی زامداری ببوون.دانیشتووانی شاری سه‌رده‌شت زانیاری ته‌واویان له سه‌ر ئه‌و بۆردوومانه نه‌بوو و پێیان وابوو که بومبه‌کان ته‌نیا بۆمبی ئاسایین و نه‌ک بۆمبی شیمیایی، هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی خه‌ڵک بۆ ئه‌وه که قوربانی‌یه‌کان له ژێر دار‌و په‌ردووی ڕووخاو و خانوه ته‌پیوه‌کان بێننه‌وه ده‌ر، چووبوونه گه‌ره‌که‌کانی بوردوومان کراو و یارمه‌تی که‌س و کاری قوربانی‌یه‌کان و زامداره‌کانیان ده‌دا و ئه‌وه‌ش یه‌کێک له هۆکاره‌کانی زیاتر بوونی قوربانی‌یه‌کان بوو، دوای زیاتر له 40 خوله‌کێک پاش ته‌قینه‌وه‌کان خه‌ڵک به‌ره‌به‌ره هه‌ستیان کرد که ده‌م و چاویان ئاوی لێدێ و له‌شیان تووشی خوران و ئه‌ستوور بوون و بلۆق ده‌ر کردن بووه و له کاتی هه‌ناسه کێشان دا تووشی ڕشانه‌وه و ته‌نگه نه‌فه‌سی بوون، ئه‌و کات زانیان که بۆمبه‌کان بۆمبی ئاسایی نین و هاوار و ناڵه‌ی خه‌ڵک زیاتر بوو، داره‌کان و به‌ر په‌نجه‌ره‌کانی ماڵان و ئاوه‌کانی نێزیک ته‌قینه‌وه‌کان تۆزی سپی ژه‌هراویان له سه‌ر نیشت بوو، سه‌رچاوه‌ی گه‌وره‌ی شاریش چه‌ند میترێک له شوێنی بوردومانه‌کان دوور بوو، هه‌ر ئه‌م ئاوه‌ش بوو که ده‌چوو بۆ حه‌مامی شار و حه‌وزی مزگه‌وته‌کان و شێره‌ی ئاوی ته‌واوی ماڵه‌کانی شار، خه‌ڵک بۆ ئه‌وه‌ی تووشی نه‌هامه‌تی و زامداری زیاتر نه‌بن بۆ خۆ پاراستن له مردن که‌ڵکیان له‌م ئاوانه بۆ خۆ شتنه‌وه وه‌ر گرت و له ئاکام دا به‌شێک له خه‌ڵکیش هه‌ر به ئاوی سه‌رچاوه‌ی شار و ئاوی حه‌مامه‌کانی شار تووشی زامداری پێستی و ده‌روونی بوون، جیا له‌م حاڵاتانه‌ش له به‌ر نه‌بوونی نه‌خۆشخانه‌یێکی باش له‌م شاره و نه‌بوونی دوکتوری پسپۆر و که‌وتنه‌وه‌ی به سه‌ر یه‌کی قوربانی‌یه‌کان له ته‌نیشت یه‌ک و درێژ بوونیان له داڵان و ژوره که‌مه‌کانی نه‌خۆشخانه دا زیاتر تووشی گیرۆده بوون به‌و گازه بوون، دیاره زۆربه‌ی زۆری بنه‌ماڵه‌ی قوربانی‌یه‌کان بۆ خۆیان برینداره‌کانی خۆیان به‌ره‌و نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان و ئێران ڕاده‌گوێزت.شاهیدانی ئه‌و کاره‌ساته گێراویانه‌ته‌وه که ڕۆژی دوای بوردومانه‌که هۆڵی وه‌رزشی شار واته "هۆڵی پاڵه‌وان ته‌ختی" کراوه‌ته شوێنی حاواندنه‌وه‌ی به‌شێک له قوربانی‌یه‌کان و چه‌ندین ته‌ختیان له هۆڵه‌که بۆ برینداره‌کان داناوه و له‌و هۆڵه دا ته‌نیا یه‌ک دوکتور هه‌بووه له گه‌ڵ چه‌ند که‌س له په‌ره‌ستارانی له خۆبردووی شار، که ته‌نیا ئه‌رکیان ده‌رزی لێدان و بلۆق دڕین بووه و به‌شی هه‌ره زۆری زامداره‌کانیان بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شاره‌کانی مه‌هاباد، ورمێ، ته‌ورێز، تاران و شیراز به‌ڕێ کردووه.به داخه‌وه له به‌ر ئه‌وه ئه‌و کات هیچ که‌س و یا هیچ ئۆرگانێکی حکومه‌تی نه‌بووه که ناوی قوربانی‌یه‌کان و یا به‌ڕێ کراوه‌کان و شه‌هیده‌کان له کاتی خۆی دا ناونووس بکات، ئێستاش ڕێژه‌ی ته‌واوی ئه‌و که‌سانه‌ی که بوونه قوربانی دیار نی‌یه، زۆرجار دوای ئه‌و کاره‌ساته، زامدارانی ئه‌و ڕووداوه بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی‌یه‌کانی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی و بێ ئیشتیایی له خواردن دا و زۆر نه‌خۆشی دیکه که دوای گیرۆده بوونیان به گازی خه‌رده‌ل تووشی هاتوون په‌یوه‌ندی‌یان به بنکه‌ی به نێو "جانبازان"وه گرتووه بۆ ئه‌وه‌ی که له لایه‌ن به‌رپرسانه‌وه کارێکیان بۆ بکرێ، به‌ڵام له به‌ر ئه‌وه هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی تایبه‌تیان له به‌ر ده‌ست دا نی‌یه و له کاتی خۆشی دا ناویان تۆمار نه‌کراوه ئاوڕیان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه و له ئاکام دا له به‌ر بێ ده‌ره‌تانی و هه‌ژاری له جێگا دا که‌وتوون و یا به ئازاره‌وه سه‌ریان ناوه‌ته‌وه. تاقه به‌ڵگه‌یه‌کی که بۆ به کار هاتن دێت و به‌شێک له زامدارانی ئه‌و کاره‌ساته که‌ڵکی لێ وه‌ر ده‌گرن، به‌ڵگه یا پێناسه‌یه‌که که له لایه‌ن بنکه‌ی "جانبازان"وه دراوه به هه‌ندێک له‌و زامدارانه، دیاره ئه‌و به‌ڵگه‌یه ڕێژه‌ی تووش بوون به گازی خه‌رده‌لی به شێوه‌ی % ده‌رسه‌د دیاری کردووه و هه‌ر به پێی ئه‌و ڕێژه‌یه‌ش له به‌شێک له خزمه‌تگوزاری‌یه‌کان که‌ڵک وه‌ر ده‌گرن، به‌ڵام ئه‌و که‌سانه‌ی که ناویان تۆمار نه‌کراوه و ئه‌و پێناسه‌یان پێ نی‌یه له خزمه‌تگوزاری‌یه‌کان بێ‌به‌شن و خه‌رجی و کرینی دا‌و و ده‌رمان له ئه‌ستۆی خۆیان یان بنه‌ماڵه‌که‌یانه، که وابوو قوربانی‌یه‌کان دوو ده‌سته‌ن، ده‌سته‌یێکیان ئه‌و که‌سانه‌ن که به‌ڵگه و پێناسه‌یان پێ نی‌یه و ده‌سته‌یه‌کیش ئه‌و که‌سانه‌ن که به‌ڵگه‌ی ڕه‌سمی و تایبه‌تیان وه‌ر گرتووه، ئه‌وه‌ش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی که ڕێژه‌ی درووستی قوربانی‌یه‌کان دیار نه‌بێت و به‌شێک هه‌ر به مه‌زلوومی و به بێ ناوی بمێننه‌وه، له‌وه‌ش خه‌راپتر ده‌ست نه‌که‌وتنی دا‌و و ده‌رمانی تایبه‌تی بۆ چاره‌سه‌ری نه‌خۆشی‌یه‌کانی سیپه‌لاک و هه‌ناسه کێشان و کۆمه‌ڵێک نه‌خۆشی دیکه، که له‌و بۆردوومانه دا بۆ خه‌ڵکی هه‌ژار و ده‌ست ته‌نگی ناوچه‌که بوو به دیاری‌یه‌کی ماڵ‌وێرانکه‌ر، بۆته کێشه و گرفتێکی گه‌وره، دیاره کۆماری ئیسلامی ئێران به ناوی زامدارانی کاره‌ساتی شیمیابارانی سه‌رده‌شته‌وه، ساڵانه چه‌ندین تۆن دا‌و و ده‌رمانی تایبه‌تی له رێکخراوه به شه‌ردۆسته‌کان وه‌ر ده‌گرێ و له لای خۆیان ڕایده‌گرن و یا ده‌یده‌نه شوێنی دیکه، و بۆ شوێن بزر کردن، ڕێژه‌یه‌کی زۆر که‌م له‌و ده‌رمانه ده‌نێرنه شاری سه‌رده‌شت و ئه‌و بڕه ده‌رمانه‌ش ناده‌ن به هه‌موو که‌س وئه‌گه‌ریش دایان ئه‌وه پێیان ده‌فرۆشن.ئه‌گه‌ر چاوێک به نووسراوه‌کانی به‌رێز عوسمان موزه‌یه‌ن به‌رپرسی ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی دا بخشێنی به پێی لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک که ناوبراو کردوویه‌تی و له زمان دوو به‌رپرسی پایه‌به‌رزی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه بیستوویه‌تی بۆمان ده‌ر ده‌که‌وێ که ڕێژه‌ی شه‌هید و زامداره‌کانی ئه‌م په‌لاماره زیاتر له 8000 که‌سن.ڕێژه‌ی شه‌هید و برینداره‌کانی ئه‌و کاره‌ساته له زمان ئایه‌تووڵڵا ڕه‌فسه‌نجانی‌یه‌وه که له نوێژی هه‌ینی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1382 دا باس کرد بوو 8024 که‌سن و پارێزگاری ورمێ له ساڵی 1366 و 67 دا له وتارێکی خۆی دا ئاماژه به شه‌هید و بریندار بوونی 10000 که‌س له دانیشتووانی شاری سه‌رده‌شت ده‌کات و هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر ئه‌و کات لیسته‌یه‌کی 4600 که‌سی له برینداران و شه‌هیدانی شیمیابارانی سه‌رده‌شتی دا بوو به ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان. هه‌ر به پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ش که وه‌زاره‌تی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی دابوونی به ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، قوربانی‌یه‌کان خه‌ڵکی مه‌ده‌نی و ئاسایی بوون و پادگان و بنکه سه‌ربازی‌یه‌کانی حکومه‌ت نه‌که‌وت بوونه به‌ر ئه‌و په‌لاماره و زه‌ره‌ر و زیان به بنکه و باره‌گاکانیان نه‌که‌وت بوو و داوایان له خێرخوازان ده‌کرد که بێن یارمه‌تی به خه‌ڵکی زامدار و بێ په‌نای ئه‌م ده‌ڤه‌ره بکه‌ن، به‌ڵام ئێستا بۆ خۆیان هیچ ئاوڕێک له‌م شاره به گاز خنکێندراوه ناده‌نه‌وه و به ته‌واوی دوای ساڵی 1366ی هه‌تاویی به فه‌رامۆشیان سپاردوه.دیاره ئه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و کات به په‌رۆشه‌وه سه‌یری ئه‌و کاره‌ساته‌یان کرد بایه، ڕه‌نگ بێ ئێمه شاهیدی بۆردوومانی شاری هه‌ڵبجه نه‌بایه‌ین و تراژیدیایه گه‌وره‌یه له هه‌ڵببجه‌ی باشوری کوردستان نه‌قه‌ومابایه. ئه‌و گازه‌ی که بۆ بۆردوومانی شاری سه‌رده‌شت که‌ڵکی لێ وه‌ر گیرا گازی خه‌رده‌ل بوو، ئه‌و گازه له کاتی بڵاو بوونه‌وه‌ی دا کاریگه‌ری زۆر خه‌راپی له سه‌ر مرۆڤ و گیانله‌به‌ران هه‌یه و به تێپه‌رینی زه‌مانیش ئه‌و کاریگه‌ری‌یه خه‌راپه‌ی له سه‌ر گیرۆده‌بووه‌کان هه‌ر ده‌مێنێت، دیاره به پێی لێکۆلینه‌وه‌ی پزیشکی گازی خه‌رده‌ل بۆ ژینگه‌ش مه‌ترسی زۆری هه‌یه، دوای تێپه‌رینی 20 ساڵ به سه‌ر ئه‌و بۆردوومانه‌ش دا ئێستا له ناوچه‌ی سه‌رده‌شت چه‌ند شوێن که که‌وتبوونه به‌ر ته‌وژمی ئه‌و گازه، تا ئێستاش به که‌ڵکی کاری کشت‌وکاڵ نایه‌ن، ئه‌و له کاتێک دایه که زه‌وی‌یه‌کانی ده‌ورو پشتی ئه‌م کێڵگانه‌ی که که‌وتبوونه به‌ر گازی خه‌رده‌ل ساڵانه باشترین به‌رهه‌می کشت‌وکاڵی ناوچه دابین ده‌که‌ن.لێ نه‌پرسینه‌وه‌ی کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی ئێران له زامدارانی شیمیای سه‌رده‌شت نه‌بۆته هۆی نائومێدی به‌شێک له دڵسۆزانی شاری سه‌رده‌شت، به‌ڵکوو چه‌ند که‌سێکی دڵسۆز و له‌خۆبردوو له چه‌ند ساڵی دوای بوردوومان و له ساڵرۆژی بۆردوومانه‌که دا ده‌هاتنه شوێنی رووداوه‌که و دوایه‌ش به ڕێپێوان ده‌چوونه سه‌ر مه‌زاری شه‌هیده‌کان و بۆ چه‌ند ساتێک به بێ ئه‌وه هه‌ست به که‌می بکه‌ن له گه‌ڵ ئازیزانی له ده‌ست چوویان راز و نیازیان ده‌کرد و هاواری مه‌زلوومه‌یه‌تی ئه‌وان و خه‌ڵکی شاریان ده‌گه‌یانده گوێی کاربه‌ده‌ستانی شاره‌که، چه‌ندین ساڵ خه‌ڵکی شار هه‌روا بۆ خۆیان ئه‌و یادواره‌یان پێک ده‌هێنا تا وای لێهات که به‌شێک له خه‌ڵک و بنه‌ماڵه قوربانی‌یه‌کانی شار هاتنه سه‌ر ئه‌و باوه‌ره که ده‌بێ ڕێکخراوه‌یه‌کی تایبه‌ت به شیمیابارانی سه‌رده‌شت درووست بکه‌ن، هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته و دوای وه‌دوا که‌وتنێکی زۆر توانیان له ساڵی 1380ی هه‌تاوی دا ئیجازه بۆ ئه‌م کاره له کاربه‌ده‌ستان حکومه‌ت وه‌ر بگرن و ئێستا له ساڵی 1380 وه ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی شاری سه‌رده‌شت دامه‌زراوه، ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه به ئیمکاناتێکی که‌م کاره‌کانی په‌یوه‌ندی‌دار به زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت ڕاده‌په‌رێنێ و له کاتی درووست بوونیه‌وه، به‌رده‌وام بۆ باشتر کردنی باری ژیانی زامداران هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌شێک له کاره‌کانیان ته‌رخان کردوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که تا ئێستا ناویان تۆمار نه‌کراوه به پێی شاهید و به‌ڵگه وه‌ره‌قه‌ی ڕه‌سمی‌یان بۆ وه‌ر بگرن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن که له ڕێگای ئه‌و پێناسه‌وه، دا‌و و ده‌رمانه‌کانی خۆیان به هه‌رزان‌تر وه‌ده‌ست بخه‌ن و قه‌ره‌بووی به‌شێک له ئازار و زامه‌کانیان بدرێته‌وه.دیاره ئه‌و چه‌ند ساڵه و به تایبه‌ت دوای ئه‌وه که تاوانبار فرانس ڤان ئانرات بازرگانی چه‌کی شیمیایی خه‌ڵکی هوله‌ند گیرا و له دادگای شاری لاهه که‌وته به‌ر لێکۆلینه‌وه و لێپرسینه‌وه ساڵانه چه‌ند جار وه‌ڤدی ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت هاتوونه وڵاتی هوله‌ند و له دادگایی تاوانبار فرانس ڤان ئانرات دا به‌شداریان کردووه و شاهیدیان له سه‌ر ئه‌و تاوانباره داوه و به‌ڵگه‌کانیان ته‌حویلی دادگای نێونه‌ته‌وه‌یی لاهه داوه. هه‌ر له میانه‌ی کاره‌کانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه دا ئه‌و چه‌ند ساڵێکه وه‌ڤده‌کانی ژاپۆن و هه‌ڵه‌بجه له ساڵیادی شیمیابارانی سه‌رده‌شت دا دێنه ئه‌م شاره و هاوده‌ردی خۆیان له گه‌ڵ بنه‌ماڵه و قوربانیانی ئه‌و کاره‌ساته ده‌ر ده‌برن، هه‌روه‌ها ئه‌وه چه‌ند ساڵێکه وه‌ڤدی شاری سه‌رده‌شت بۆ هاوده‌ردی له گه‌ڵ شیمیابارانی شاره‌کانی هه‌ڵه‌بجه‌ی باشوری کوردستان و ناکازاکی و هیرۆشیمای ژاپۆن سه‌ردانی ئه‌و شارانه ده‌که‌ن و تا ئێستا توانیویانه که ته‌نیا بۆ ئه‌وه نیشان بده‌ن که ده‌رد و ئازاره‌کان یه‌کن و قوربانی‌یه‌کان وه‌ک یه‌ک وان، له شاری سه‌رده‌شت شه‌قامێک به ناوی هێرۆشیما ناودێر کراوه و هه‌روه‌ها قه‌رار بوو که له ژاپۆنیش شه‌قامێک به ناوی سه‌رده‌شت ناودێر بکرێ، ئه‌وه‌ش زۆرتر میوانداری و هه‌ست به به‌رپرسایه‌تی خه‌ڵکی شار بووه که وه‌ڤده‌کانی میوانی دڵخۆش کردووه بۆ ئه‌وه‌ی که پێکه‌وه ده‌سته خوشک بن و ئازاره‌کانیان به‌م شێوه‌یه که‌م بکه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ی جێگای سرنجه ئه‌وه‌یه که ساڵانه ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت له به‌ر نه‌بوونی ئیمکانات و به تایبه‌ت نه‌بوونی پووڵ و پاره چه‌ند جار به شه‌قامه‌کانی شار دا ده‌گه‌رێن و پووڵ له دووکاندار و کاسبکارانی شار وه‌ر ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی که یادی کاره‌ساتی شیمیابارانی شاری پێ بکه‌نه‌وه، ئه‌م ساڵیش بۆ یادی 20 ساڵه‌ی شیمیابارانی سه‌رده‌شت گه‌نج و لاوانی شار و دڵسۆزانی سه‌رده‌شت خه‌ریکی دارشتنی پلان و به‌رنامه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له یادی 20 ساڵه‌ی ئه‌م کاره‌ساته دا باشتر له ساڵانی ڕابردوو بێنه مه‌یدان و به نیشان دانی چه‌ندین چالاکی هونه‌ری و خوێندنه‌وه‌ی شێعر و په‌یام و نیشاندانی چالاکی وه‌رزشی باشتر ئه‌م یاده بکه‌نه‌وه، به پێی ئاگاداری و هه‌واڵ قه‌راره چه‌ند ده‌سته له کاراته‌کارانی چه‌ند وڵاتێک که بریتین له پورته‌قاڵ، ژاپۆن، فه‌ڕانسه، ئۆزبه‌کستان و ئینگلستان بێنه شاری سه‌رده‌شت و له گه‌ڵ کاراته‌کارانی شاری سه‌رده‌شت بکه‌ونه کێ‌به‌رکێ، به داخه‌وه فدراسیۆنی کاراته‌ی ئێران و پارێزگای ورمێ ڕایانگه‌یاندوه که هیچ یارمه‌تی‌یه‌ک و کار ئاسانی‌یه‌ک بۆ میوانه‌کان ناکه‌ن، هه‌ر بۆیه دیسان ئه‌م ساڵیش ئه‌نجوومه‌نی زامدارانی شیمیایی سه‌رده‌شت ڕووی له خه‌ڵکی شاری سه‌رده‌شت و ده‌وروبه‌ری کردووه که یارمه‌تی بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م ساڵیش وه‌ک خانه‌خوێ‌یه‌کی باش بتوانین میوانه‌کان و به تایبه‌ت ده‌سته‌ی کاراته‌کارانی ئه‌م پێنج وڵاته‌ی که ناویان هاتووه به‌ڕێ بکه‌ن، هه‌روه‌ک ئاماژه‌م پێداوه کاربه‌ده‌ستانی کۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌وه تا خوارێ و به تایبه‌تیش ئی شاری سه‌رده‌شت هیچ کات یارمه‌تی ده‌ر نه‌بوون بۆ به‌رێوه‌بردنی کار‌و چالاکی‌یه‌کانی تایبه‌ت به شیمیابارانی شاری سه‌رده‌شت، هه‌موو ساڵێک دوای ئه‌وه که زانیویانه ناتوانن ئیراده و هیممه‌تی خه‌ڵک سست بکه‌ن و خه‌ڵک وه‌ڵامیان ناداته‌وه، ئه‌وجار به لاره ملی هاتوون له سه‌فه‌کانی پێشه‌وه‌ی ڕێ‌وڕه‌سمه‌که دانیشتوون و فه‌رماندار و یا نوێنه‌ری فه‌رمانداری وتاری دوور له ڕاستی‌یان خوێندۆته‌وه.ئه‌م ساڵ له کاتێک دا یادی 20 ساڵه‌ی شیمیابارانی سه‌رده‌شت ده‌کرێته‌وه که سه‌رۆکی پێشووی عێراق سه‌ددام حوسێنی دیکتاتۆر له دار دراوه و به سزای تاوان و کرده‌وه‌کانی خۆی گه‌یشتووه و چه‌ند تاوانباری دیکه‌ی هاو ده‌ستی سه‌ددام چاوه‌روانی حوکمی له سێداره‌دانیان له سه‌ر ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر ڕێژیمی گۆر کراوی به‌عس لایه‌نێکی شه‌ری 8 ساڵه‌ی نێوان ئێران و عێراق بوو، نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێ که ئێرانیش لایه‌نێکی به‌رامبه‌ر بووه له شه‌ری ماڵ وێرانکه‌ری 8 ساڵه‌ی نێوان ئه‌و دوو دوژمنه سه‌ره‌کی‌یه‌ی کوردان دا. هه‌ر دووکیان بۆ کاول کردنی ماڵ و حاڵ و ژیانی کوردان شه‌ڕیان به زۆر کێشایه کوردستان و بنکه و باره‌گای سه‌ربازی زۆریان به ناوی پاراستنی سنووره‌کان هێنایه کوردستان و له ئاکام دا شه‌ڕ و پێکدادانه سه‌ربازی‌یه‌کانی هه‌ر دوو دیکتاتۆر کێشرایه خاکی کوردستان و ئاواتی چه‌ندین ساڵه‌ی ئه‌و دوو دیکتاتۆره که خاپۆر کردن و کێوماڵ کردنی کوردستان به بۆمب و ناپاڵم بوو هاته دی و له جیاتی سه‌ربازگه و شه‌رگه‌کان ببنه ئامانجی شه‌ری ئه‌و دوو دیکتاتۆره، به داخه‌وه شار و گونده‌کانی کوردستان له باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوونه ئامانجی سه‌ره‌کی دوژمنانی گه‌لی کورد و خه‌ڵکێکی زۆریان شه‌هید و بریندار کرد و له ماڵ و شوێنی ژیانی خۆیان ئاواره و بێ ماڵ کردن.با له یادی 20 ساڵه‌ی شیمیابارانی خه‌ڵکی بێ دیفاعی سه‌رده‌شت و گوندی ڕه‌شه‌هه‌رمێ له چه‌ند کیلۆمیتری سه‌رده‌شت و هه‌روه‌ها شه‌هیدانی گوندی زه‌رده له پارێزگای کرمانشان و گونده‌کانی ناوچه‌ی شلێر له سه‌قز و شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌نگمان بخه‌ینه پاڵ ده‌نگی خه‌ڵکی هه‌ڵبجه و بادینان و دۆڵی بالیسان و ناوچه‌کانی دیکه و داوای قه‌ره‌بوو کردنه‌وه و ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی کوردستان له ڕێژیمه‌کانی عێراق و ئێران بکه‌ین و ئاوات بخوازین که کاربه‌ده‌ستانی خۆسپێنی ئێرانیش بکێشرێنه به‌ر ده‌م دادگایێکی عادڵانه‌ی خه‌ڵکی و نێونه‌ته‌وه‌یی، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو دیکتاتۆرانی ناوچه ده‌رس و په‌ند له سزاکانی ئه‌و کاربه‌ده‌سته خۆسپێنانه‌ی ئێران وه‌ر بگرن.جێگای خۆیه‌تی لێره‌دا به هه‌موو هێز و ڕێکخراوه سیاسی‌یه‌کانی کوردستان و به تایبه‌ت ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵیین که چیدی له ئاست ئه‌و کۆمه‌ڵکوژی‌یه دا بێ ده‌نگ نه‌بن و چاو و گوێی خۆیان له ئاست ئه‌و تراژیدیایه دا نه‌به‌ستن، مێژوو له بێ ده‌نگی و چاو نوقاندتان له ئاست ئه‌م جه‌نایه‌ته سامناکه دا لێتان خۆش نابێت و خه‌ڵکی کوردستان، چی دیکه ده‌لیل و به‌ڵگه‌ی بێ‌جێتان لێ قه‌بووڵ ناکه‌ن و پسپۆران و نووسه‌ران له سه‌ر بێ ده‌نگی و چاو نوقاندنتان له ئاست ئه‌م مه‌سه‌له‌یه لاپه‌ره‌کانی خۆیان له سه‌ر ئێوه به ڕه‌شی ده‌نووسن، با له 20 ساڵه‌ی ئه‌م کاره‌ساته دا به یه‌کده‌نگ هه‌موومان هاوخه‌م و هاوپشتی شاری سه‌رده‌شت بین.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق