جار ئەم لاپەڕە بینراوە

السبت، 10 مايو 2008

چۆن ئه‌نفال وه‌كو جینوساید بناسێنین/كوێستان فتوحی


پێموابێ كارەساتی ئەنفال تا ئێستاش نەبووەتە پرسێكی گشتی نەتەوەیی كورد. نەتەوەی كورد هێشتا بە گشتی هەستی بە قووڵی ئەو كارەساتە نەكردووە، چونكە لەناوخۆیشیدا بەو شێوەیەی كە پێویستە كار بكرایە بۆ سڕینەوەی كاریگەرییە نیگەتیڤەكانی سەر جەستەی برینداری خۆی نەكراوەو بۆ ناساندنی لە دنیای دەرەوە بەداخەوە كورد لە هیچكام لە بەشەكانی كوردستاندا خاوەن پرۆژەیەكی نەتەوەیی نین كە قورساییەكەی لە جیهانی دەرەوەدا بە پێی بوون و خواستی خۆیان هەستی پێبكرێ.
نەبوونی ستراتیژییەكی نەتەوەیی بۆ ئەمجۆرە كارەساتانە لە هەموو بەشەكانی كوردستان پرسێكە كە بۆ دنیای دەرەوەش ناروونییەكی دروستكردووە.
كورد وەك گەورەترین نەتەوەی ستەملـێكراو و خاوەن داوایەكی رەوای نەتەوەیی و ئینسانی و خاوەن خەباتێكی دوورودرێژ لەم پێناوەدا، تا ئێستاش بەهۆی نەبوونی بنیاتێكی یەكگرتووی سیاسی، دیپلۆماسی، رۆشنبیری ستراتیژێكی نە لە ئاستی نەتەوەیی لەنێوخۆ و نە لە ئاستی دەرەوەی كوردستاندا كە ببێتە زمانحاڵ و دەلالەت لە خواستی هەموو كورد بكا، نەبووەتە خاوەنی دەنگێكی یەكگرتوو. بوونی بنیاتێكی یەكگرتوو لەپێناو ناساندنی دۆزی كورد و ناساندنی ئەو هەموو تراژیدیایەی بەسەر ئەم نەتەوە هاتووە، زۆر كاریگەری موسبەتی دەبوو لەسەر دنیای دەرەوە كە بەداخەوە تا ئێستاش نیمانە. دیارە نەبوونی دەسەڵاتێكی بەهێزی كورد یا دەوڵەتێكی كوردیش هۆكارێكە بۆ كەمڕەنگبوونی ئەم كارەساتانە و خواستەكانی كورد بەگشتی.
بێگومان كارەساتی ئەنفال پرسێكی نەتەوەییە و شك لەوەدا نییە. بەڵام بۆ ناساندنی بە دنیای دەرەوە پێویستی بە سیاسەت و هەڵوێستێكی یەكگرتووی نەتەوەیی كورد بە گشتی هەیە. ئەم هەڵوێستە یەكگرتوویەش بە چی پێك دێ؟ بە بەرنامە و پرۆژەی پارتە سیاسییەكان، بەتایبەت ئەو پارتانەی ئەم بەشە لە كوردستان (باشوور) كە دەسەڵات و ئیمكانیاتێكیان هەیە بۆ پەرەسەندن و پڕڕەنگكردنی بیری نەتەوایەتی، هەروەها ئیمكانی ئەوەشیان هەیە لەو ئاستەدا خاوەن ستراتیژییەكی نەتەوەییی بن. بەڵام بەداخەوە بەهۆی هێندێك دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر لە كارو و بەرنامەكانیاندا و گوێدان بە داوا ناڕەواكانی ئەوان، خەریكە ئەم هەستی نەتەوەییە لە ناو خودی كوردەكانی باشووریشدا كە خاوەنی قوربانییەكی یەكجار زۆرن لە پێناو گەیشتن بە مافە نەتەوەییەكانیاندا، كەمڕەنگ دەبێتەوە. ئەمە بە دڵی وڵاتانی دەوروبەر وەك ئێران، توركیە و سووریە و وڵاتانی عەرەبییە كە هەموو كات لە هەوڵی لەتوپەتكردنی ریزەكانی نەتەوەی كورددا بوون و هەن. هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدا بوون كورد یەكگرتوو نەبێ. لەوەشدا بەداخەوە ئەوان تا ئێستا سەركەوتوون. بەدنیا ناساندنی كارەساتی ئەنفال و هەموو كارەساتەكانی دیكەی بەسەر ئەم نەتەوەیە هاتوون، پێویستی بە بوونی گوتاری سیاسیی یەكگرتووی كوردە. ئەوەش ئەركێكی گرنگی ئێستای هەموو پارتە سیاسییەكانی كوردە لە هەموو بەشەكانی كوردستان. بە تایبەتی ئەم ئەركە زیاتر دەكەوێتە سەر شانی ئەو پارتانەی كە ئێستا لە باشووری كوردستان دەسەڵاتێكیان هەیە. ئەوان لەسەریانە لە هەوڵی پێكهێنانی ئیرادەیەكی یەكگرتووی نەتەوەیی لە هەموو بەشەكانی كوردستان دا بن. چی دیكە گوێ بۆ دەنگی ئەو وڵاتانە نەدەن كە بەدرۆ خۆیان بە دۆستی كورد و ئەم ئەزموونەی باشووری كوردستان نیشان دەدەن، بەڵام لەپشتەوە هەمیشە هەوڵی بێدەنگ كردن و كەمكردنەوەی خواستەكانی ئەوانیشیان داوە. كەمڕەنگ نیشاندانی ئەم كارەساتەش بەدڵنیاییەوە دەستی ئەو وڵاتانەی تێدایە.
كورد سەرەڕای هەموو جیاوازییەكان لە نێو بەشەكانی كوردستان و بەرنامەی پارتەسیاسییەكاندا، ئەگەر خۆی بیهەوێ ئیمكانی ئەوەی بۆ رەخساوە بۆ ناساندنی دۆزی خۆی و كارەساتەكانی كە لەلایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە بەسەری هاتوون، خاوەن ستراتیژییەكی نەتەوەیی بێ. ئیتر با بەس بێ پاساو هێنانەوە بۆ نەبوونی ئەم یەكگرتووییە!
بۆ درورستكردنی لوبییەكی كورد لە دنیای دەرەوەدا بۆ ئەوەی قورسایی كورد و دەنگی كورد زۆرتر وەربگیرێ، بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی كورد و.. پێویستە پارتە سیاسی و رووناكبیرانی سیاسی دەرەوەی حزبەكان لە هەموو بەشەكانی كوردستان پلاتفۆرمێكی یەكگرتووی نەتەوەیی كورد پێك بێنن. بوونی لوبییەكی كورد ئەركێكی نەتەوەیی و پێویستە. ئەو پلاتفۆرمە جیا لەبیروبۆچوون و بەرنامەی سیاسی پارتە سیاسییەكان، لەسەر خواستێكی نەتەوەیی یەكگرتوو كار بكا بۆ ناساندنی ئەو كارەساتانە بە سەر كورد هاتوون و رەنگە لە داهاتووشدا بێن، لە هەر بەشێكی كوردستان بە دەست هەر دەوڵەتێك بێ. راستە ئەمە كاری زۆر و كات و ئیمكاناتی ماڵی و ئینسانی زۆری دەوێ، بەڵام ئەوە یەكێكە لە كارە هەرە سەرەكییەكانی ئەمڕۆی كورد بۆ تەعقیبی مەسەلە نەتەوەییەكان. ئێمەی كورد دەبێ لەپێش هەمووشتێكدا پشت بە هێزی نەتەوەیی خۆمان ببەستین. لە هەر فرسەتێك و هەر شوێنێك كەمترین دەرفەت هەبوو، بۆ ناساندنی ئەو كارەساتە و كارەساتەكانی دیكە گەورە نیشاندانی پرسەنەتەوەییەكان بە دنیای دەرەوە درێغی نەكرێ، ئەمەش بەبەرنامە و پرۆژەوە دەكرێ. ئەوەی كە هەركەسیش لەحاند خۆیەوە یا هێندێك رێكخراو دەیكەن گرینگی خۆی هەیە، بەڵام گرنگتر ئەوەیە كە پڕۆژەكە بە بەشداری و موشارەكەت لەلایەن پارتە سیاسییە خاوەن دەسەڵاتەكانەوە و رووناكبیرە ناسراوەكانی كورد و رێكخراوە مەدەنییەكانەوە بێ زۆر گرنگترە و باشتر وەردەگیرێ. ئەگەر كورد ئەمڕۆ لەبەرامبەر كارساتێكی ئاوادا یەكگرتوو و یەك هەڵوێست نەبێ و بۆ دادگاییكردنی تاوانباران بەوشێوەی پێویست خەمی لێنەخوا، واتە بە بەڵگەو دیكۆمێنتەوە قسە نەكات بۆ وەئاگاهێنانی مرۆڤایەتی لەو كارەساتە، دوور نییە لە داهاتوودا جارێكی دیكە ئەوە بەسەر كورد لە بەشێكی دیكەی كوردستان بەسەرمان نەیەتەوە و كەسیش دانەچڵەكێ، بۆمان.
لینکی بابه‌ته‌که:

http://www.kurdistanreport.com/newspaper/2008/04_Apr/419/kr_03.pdf
http://www.kurdistanreport.com/detail.aspx?page=articles&c=political&id=11617

ليست هناك تعليقات: