پرسى ئه‌نفال كه ده‌رهاویشته‌ى بابه‌تێكى سیاسیه و رژێمه تۆتالیتا‌ر و مرۆڤكوژه‌كانى دوێنىَ و ئه‌مرِۆ و ئایینده، بۆ پاكتاوى ره‌گه‌زى و قرِكردنى جڤات و نه‌ته‌وه و ئایین و نه‌ژاده‌كان وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌كى دیكه‌ى شه‌رِ و ململانێكان له‌به‌رامبه‌ر نه‌یار و دژه‌كانیان مامه‌ڵه‌ى پێده‌كه‌ن، ئه‌م پرسه‌ش به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان دیرۆكێكى درێژ و پاشخانێكى زۆر نه‌گریس و پرِ له كاره‌سات و ماڵوێرانانه‌ى له هه‌ناوى خۆیدا هه‌ڵگرتوه. له‌م روانگه‌یه‌وه ده‌توانین بڵێین پرسى ئه‌نفال بۆ ئێمه‌ى كورد ته‌نها خۆى له هه‌ل و مه‌رجێكى سیاسى و نه‌ته‌وه‌یانه نه‌نواندوه، به‌ڵكو ده‌رهاویشته و ره‌هه‌نده سۆسیۆلۆژى و سایكلۆژیه‌كانى پرۆسه‌ى ئه‌نفال له‌سه‌ر جڤاتى كوردى خزاوه‌ته نێو بابه‌ته كۆمه‌ڵایه‌تى و كلتورى و ده‌روونى تاكه‌كانه‌وه. لێره‌دا له‌وه ده‌گه‌ین كه جگه له‌وه‌ى پرسى ئه‌نفال دنیایه‌ك ته‌فسیرات و په‌رچه‌كردار و ئیفرازاتى له دواى خۆى جێهێشتوه، به‌ڵام له سه‌روى هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه ده‌توانین بڵێن جه‌وهه‌رى پرۆسه‌كه له‌لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه كه پركتیزه‌كراوه، وێرِاى ئه‌وه‌ى كه ویستوویه‌تى جوگرافیاى كوردستان تێك بدات و پێكهاته‌ى نه‌ته‌وییمان به‌ره و نه‌مان به‌رێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێك له‌و پرۆسه‌یه بۆ ئه‌وه‌بوه تا چوارچێوه‌ی نه‌ته‌وه و خێزان و بنه‌ما كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانى جڤاتى كوردى بشێوێنێت و میراتێكى گه‌وره‌ى لێوان لێو له قه‌یرانى كۆمه‌ڵایه‌تى و خێزانى و داماوكردنى زۆرێك ژن و منداڵ و په‌كه‌وته‌ى به‌دواى خۆیدا به‌رهه‌م هێناوه، كه بۆ ئه‌مرِۆكه‌مان زۆرێك كێشه و گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ كۆمه‌ڵگه دروستكردوه. هه‌موولایه‌كیشمان ده‌زانین تا ئه‌م ساته‌ش كه نزیكى 20 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه تێپه‌رِده‌بێت، به‌ڵام هێشتا زامى ئه‌و برینه نه‌ك هه‌ر سارێژ نه‌بوه به‌ڵك له هه‌ندێك حاڵه‌تدا هێشتا خوێنى لێوه ده‌رژێت. "بێگومان ئه‌و جه‌سته‌یه وا به‌ئاسانى نه شێوێندراوه تا به‌و خێراییه چاكبێته‌وه"، ره‌نگه ئه‌مه قسه و وته و لێدوانى زۆرێكمان ببێت سه‌باره‌ت به پاشماوه‌ى خێزانى ئه‌نفالكراوه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئه‌و راستیه‌ش له‌به‌ر چاوبگرین ئاخۆ ئه‌وه‌ى به‌عس ده‌رهه‌ق به‌و خێزان و ناوچانه كردى ده‌كرىَ به پرسێكى ساده‌ى وه‌ك رووداوێكى هاتووى تێپه‌رِ بووى زه‌مه‌ن و حاڵه‌تى نێو ململانێكان و شه‌رِه‌كان وه‌سفى بكه‌ین و وه‌ریبگرین، هه‌ڵبه‌ته گه‌ر به‌و شێوه‌یه سه‌یرى پرسه‌كه بكه‌ین بێگومان له‌و هه‌قیقه‌ته دوور ده‌كه‌وینه‌وه كه نه‌یارانمان نه‌خشه‌یان بۆ كێشابوو. بۆ چونم وایه به‌عسیزم وه‌ك ئایدۆلۆژستێكى خوێنرِێژ هه‌ر وابه‌ئاسانى به‌و پرۆسه‌یه هه‌ڵنه‌ستاوه، گه‌رله پێشتردا دال و مه‌دلوله‌كانى ئه‌و كاره‌ساته‌ى شرۆڤه نه‌كردبێت، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و جگه له‌وه‌ى ده‌یزانى ناونانى ئه‌و پرۆسه‌یه به ئه‌نفال له راگه‌یاندن و شوێنى گشتیه‌كاندا له ئایینده‌دا به گران ده‌شكێته‌وه له‌سه‌رى، به‌ڵام نه‌شى ده‌ویست به‌م پرۆسه‌یه بڵێت "جینۆساید" چونكه ئه‌و چاك ده‌یزانى ئه‌نفال یانى چى و چه‌مكى جینۆسایدیش له یاساى نێوده‌وڵه‌تى و پرسه جیهانیه‌كانى شه‌رِدا به چ مان و ئاماژه‌یه‌ك دێت. بۆیه به‌لاى ئه‌وه‌وه چه‌مكى ئه‌نفال كه ده‌رهاویشت و كه‌ره‌سته‌كانى زۆر جیاوازترن له چه‌مكى جینۆسادكردن، به‌به‌ڵگه‌ى ئه‌وه‌ى له پرۆسه‌ى ئه‌نفالدا به‌شێك له خه‌ڵكه‌كه له ناوده‌بردرێت و منداڵ و پیرو په‌كه‌وته‌كانیش ده‌هێڵێته‌وه، وه‌ك نمونه‌ى پرسى ئه‌نفال له مێژووى ئیسلامدا كه ژن و سه‌روه‌ت و سامانى نه‌یاران بۆخۆیان حه‌ڵاڵ بوو، كۆرِ و پیاوه شه‌رِكه‌ره‌كانیشیان ده‌كوشتن. بێگومان وه‌ك وتم ئه‌مه پێچه‌وانه‌ى پرۆسه‌ى قرِكردن و جینۆسایدكردنه‌كانى دنیان كه ته‌واوى نه‌یارانى له‌ناو ده‌ربردن. وه‌ك ئاماژه‌م پێدا به‌عسیه‌كان به ئاگاییه‌وه ناوى له‌م پرسه نا ئه‌نفال بۆ خاترى ئه‌وه‌ى شیرازه‌ى خێزان و پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى جڤاتى كوردى تێك پشكێنێت و به‌ر و قۆناغێكى دژوار و سامناكیان به‌رێت كه تا زه‌مانێكى دوور برینى جه‌سته‌ى سارێژ نه‌بێته‌وه. له‌به‌ر چاومانه كه چۆن خێزانى ئه‌و ئه‌نفالكراوانه ژیانى تایبه‌تیان تێك چوه و شوناس و سایكۆلۆژیه‌تیان شێواوه. به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه خۆشیان نازانن چاره‌نووسیان به‌ره و كوێوه ده‌چێت، زۆربه‌یان تا ئێستاكه‌ش له پێكهێنانى خێزاندارى سروشتى خۆیان و ترادیسیۆنیه‌تى جڤات دابرِاون و زۆربه‌یان نه‌یانتوانیوه شووبكه‌نه‌وه یان خێزان پێك بهێنن و خوێندنیان ته‌واوبكه‌ن و په‌یوه‌ندیه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانیان به شێوه‌یه‌كى ئاسایى برِوات. ئه‌م دابرِان و تێكشكانه كۆمه‌ڵایه‌تى و جڤاتى و سایكۆلۆژیه كێشه‌ى زۆرى بۆ حكومه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى جێهێشتوه، كه ره‌نگه نه‌تواندرێت وا به ئاسانى ئه‌م جه‌سته زامداره سارێژبكرێت.
تێبینى: ئه‌م نووسینه له ژماره 419 ى رۆژنامه‌ى كوردستان راپۆرت بڵاوبۆته‌وه.
dlzarhessen@yahoo.com
تێبینى: ئه‌م نووسینه له ژماره 419 ى رۆژنامه‌ى كوردستان راپۆرت بڵاوبۆته‌وه.
dlzarhessen@yahoo.com
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق