جار ئەم لاپەڕە بینراوە

الخميس، 12 يونيو 2008

پورە زینەت لەناحیەى خان رۆستەم ئاغا

پورە زینەت لەناحیەى خان رۆستەم ئاغا:
ئیستا کەناویان تێرم خەریکە قرم تێکەوێت

دیدارى ئەنفالستان


( لەتیف فاتح فەرج، مامۆستا نەجیب گەرمیانى، عومەرمحەمەد)


عەسرێکى درەنگ گەیشتینە خان رۆستەماغا، لەراستیدا ئەوەندە ماندووبووین تواناى قسەکردنمان نەمابوو، ترسێکى گەورەى بەنزین برانمان هەبوو، لەوێ کە بنکەى پۆلیسء جۆرە ئاوەدانییەکمان بینى کەمێک تین هاتەوە بەرمان بەڵام کەپرسیارى بەنزینمان کرد، وەڵام جگە لەسەربادانێکى سەرسامانەى ئەو خەڵکە شتێکى ترنەبوو، ئەگەرچى مامۆستا نەجیب نەخۆشى دلى هەبوو، بەڵام لەسەرداواى ئەو رومانکردە ماڵى، پورە زینەت بەونیازەى بتوانین چاوپێکەوتنێک لەم دەڤەرە ئەنفالکراوەش بکەین، هەرکە گەیشتینە حەوشەى ماڵەکە پورە زینەت بە خولقوخۆیەکى گەرمى گەرمیانیانەوە بەرەو پیرمان هاتوو بەرەو ژورەوە بەرێى کردین و داویى هات لامان دانیشت، ئەو پیرەژنە ماندوو شەکەتە لە نیازى چوونەکەمان نامۆنەبوو، هەر کە سەرى قسەمان کردەوە ووتى: ئێوە چایەک بخۆن ئەوسا قسەتان بۆ دەکەم دەزانم هیلاکن و منیش قسەم زۆر پێە، ئینجا ووتى: بەڵام بەچى دەچێت بەخوارەنگە دەجار مقابەلەم کردبێ؟ فایدەى چى ؟
دواى چاخواردنەوە ماموستا نەجیب قسەى دامەزراند و پرسیى : پورە زینەت تۆ ئەنفالکراویتءچویتە نوگرەسەلمانیش؟
-بەلێ ئەرێوەڵڵا باوکەکەم چویم.
+ دەتوانى حیکایەتى گرتنەکەتانمان بۆ بگێڕیتەوە؟
- جاتوخوا بەشە براکەم هەزارجارم گێڕایەوە تەلەفزێون نەما رادیو نەما قسەى لێوە نەکەم تا ئێستا کە ئێمە هسچ تەمایەکى خوامان وەرنەگرتووە، ئا ئێستا.. وەڵاهى ئا ئەوەنە تشتەچیە بە دەست من نەکەوتییە، 11سەر کوڕو کەنیشکم ئەنفالە.. دووکچە عازەبیشم مارە بریابوو، کور و کچم تفاق شایەکەمان سەنى ببوو بۆیان . وەڵاهى نەگەیم (.گریان..) (بەدەم گریانەوە ) ئێستەش کوڕە شیرینەکەى خۆم ئێمە لێرەوە کە لێمان قەومیا کورەکان ووتیان باوە ئێمە چى بکەین؟ با ڕانەکەمان جێبهێلین و راکەین؟ ئەو زەمانە رانمان بوو ماڵات و تفاقمان بوو برا شیرینەکەم، باوکیان ووتى رۆڵە لە چەندێکەوە ئێمە خزمەت ئەم حەمکە مەر و ماڵیاتە دەکەین و پانزە ساڵان هاتوومەتە ئەم خانە (مەبەست ناحییەى خانە شوینى نیشتەجێبوونیان) ئێستە وەللەهى ئەلعەزیم هەتا لێمان قەومیاوە جێهى ناهێڵم، بەخوا پیاوەکەشم رۆیبێ بۆ دەشتءدەرپر دیوەخانێکەمان میوانبووە، سا هەرخۆم هەموویم سەروبەرکردەو ئەوە هەموو دانیشتوون، شاهیدن نەکە بێژن حالێ یانحسابێ، خزمەتیمکردیەو نانم داوەپێىء وەحورمەتەوە رۆیوە، هەشت نۆرۆژ لەوەو بەرخالید گەرمیانى لە ماڵمان بووە بەر لەوەى بکوژرێ هاتن لە ماڵمانبوون عەینى تشت. ئینجا بەشە براکەم کە ئێمە رۆیمان وتیان فەتاح بەگ ووتوویەتى لێرەوە و تائەگەیتە ملە سورە ( ئەوە هێشتا ئێمە ئاگامان لە هیچ نییە) ووتیان فەتاح بەگ ووتوویەتى هەزارماڵم بۆگلیە ڕۆبکەنەوە ئەم هەزارماڵە من خۆم مجموعەى بۆ ئەکەمەوە، ئێمەش لاماندا بۆ کەلار ئەرۆین ڕاستى، ئێمەش لاماندا لە ملە سورە نەک هەر ئێمە بەخوا دەور پێنج سەد شەسەد ماڵ بووین، هیچ ئەشتەباى خوامان پێ نییە، 11سەرخێزان بوویمان، لاماندا باوکی مناڵەکان ها وەلاى رانەکەوە خۆمء مناڵەکانمء بوکەکانم پێکەوە هاتین و ئێستا هاین لەملە سورە، رۆیمان هیچمان پێ نییە ئەم کچەى ئێسە هاتە ژوورەوە مەمکخۆرە بوو پێمبوو رۆیمان هیچمان پیێ نیە، وەللە زەلامێک لە ئاوایى خۆمان هات ووتى: ئەچم بڕێ تفاق تێرم، ووتى معلوم نیە کێ ئەلێ 10رۆژ لێرە نامێنینەوە؟ منیش لەیەلیاهاتم ، هاتین ئەلەم بانەلاى نەحیەکە، ئەسکەر هاتە خوارەوە پرسیان ها بۆ کوێ ئەچن؟ ووتمان ئەچین بۆملەسورە ئیتر گرتمانیان ووتمان بۆکوێمان ئەوەن، ئەسکەرێکیان ووتى: مساعدە ئیتر وە مساعدە، مساعدە هاوردمانیان هەتا لەعزیزتوکنەوە بردمانیان هەتا گەیاند مانیانە سەرقەڵا، ئێستا هەرتەنیا خۆمم مناڵم گشتى ها لەملە سورە.-کە لەوێ گیران کێى ترتان لەتەکا بوو؟کەلەوێ گرتمانیان پشکۆى حاجى بوو مامەفارس بو گشتمانیان گرتبوو لەسەر قەڵا، لەوێ یەکمانگرتەوە، ئێستە ئەوەنە دڵم پڕەخەریکە قڕم تێکەوێیـــــــــــَ (لێرەدا ناچار بووم ریکۆردەرە کە بکوژێنمەوەء ماوەیەک بە بێدەنگى بەدیار فرمێسکء هەنسکى پورە زەینەتەوە خەمباربین) پاش دڵدانەوەى لەلایەن مامۆستا نەجیب گەرمیانیەوە ئینجا بە قورگى گریانەوە درێژەى بەقسەکانى دایەوە: لە بنەکەیەکمان نزیکەى چوار رۆژ من وەتەنیا لە قۆرەتوو مامەوە لە مناڵەکانم بڕبیم، لەقۆرەتوماینەوە، هەتا هاتن ووتیان وەڵا وا جەیش دایەمل خەڵکەکەى ملە سورەشاو ئەوانیشیان هاورد.کێ ووتى ئەى ئێوە نەگیرابوون ؟کورە براشیرینەکەم خەڵک هەردەهات، وەجبە وەجبە ئەو عالەمەیان ئەهێنا، ئەوانە ووتیان وا تازە هێنایانن بۆ قۆرەتوو. -ئەى تۆ لەملە سوورە منداڵەکانت لەگەڵدابوو بۆ لێک دابران؟ئەى نەم ووت لەگەلڕ ئەو زەلامەیا چوین لە ئاوایى تفاق بێنین ؟ ئائا ئێمە لەسەرقەڵاوە بردمانیان. ئیتر کە خەڵکەکەیان هێنا بۆ سەرقەڵا بەعەمرو ئیرادەى خوا بەوخوا کەوا نسیبمانى هێنا بۆ ئێرە ء بۆ ئەم شوێنە، چوم بزانم مناڵەکانم هاتن ئان نەهاتن، بەخواى رەبلعالەمین ئیکرام کوڕم هات بینیم گشت مناڵەکان هان لەشوینى باوەشى بۆ کردمەوە دایە ئەوە هاى لێرە؟ ووتم ئارۆڵە هام لەێرە (..ماوەیەکى تر گریان.دەرفەتێکى تر بۆ فرمێسکەکان..) برا ئەوشەوە ماینەوە دووشەو دواى ئەوە ووتیان وەللە لەتۆپزاوا مجموعەتان بۆ کراوە تەوە(ئەمەحیلەى بەعسیەکانبووە) ئیترخەڵکە کە بەربووە ناو پێخەفءشاتاڵ خۆىء چیمان هاوردووە گشتیمان بارکردووخستمانە ناو ئەو( زیلیەلە (مەبەستى سەیارەى سەربازىیە) هەرکە گەیمانە تۆپزاوا تەماشا ئەکەین عەشامات هالەوێ!! کورسییان داناوە دەلێن: هەرکەسە رەئیس عایلەى ها لەگەلڕ، با بێت ناوخۆى بنوسێ، هەرکەس ناوى خۆى دەنوسى زەلامەکانیان ئەبردو ژنەکان دەمانەوە، ژن ماوە براکەم ئەمجارە ژنەکانیشیان کردە سجنەوە قاعەیە گەورە بوو، ئیمەیش کراینە سجنەوە وتم قەیناکا مادام لەگەڵ مناڵەکانا یەکمانگرت لە قۆرەتوو، کاکە پینج رۆژ ئەى شەش رۆژ بوو لە تۆپزاوا بویمان، بەخوا گەینە پینج سەد کەس، ئەو حەمکە ژن و مندالە هاین لەناو یەک قاعەیەکدا. بەبراى خۆم بێژم هاتن، کەوتنە ناو خەڵکەئەنفالکریاوە کە، وە هەوەس خۆى ئەگەریا وەناومان هاتە لامانەوە ووتى کوا هویەکەت هویەکەم داوە دەستیەوە ئیتر ئەو عەسکەرە خەڵکى فرە برد ئیختیار هیى ژن، منیش رۆیم خوایە تۆ ئاگات هالێیە ووتم بۆ کویمان دەبەن لێم تورەبوو ووتى ئیمشى گۆچانیک بەرووى ئەستورى ها وەدەستەوە،جا ئەو عەسکەرە گۆچانى بەرووى لەکوێ بوو؟ هین زەلام قەراخى بوو کە گرتبوویان، ووتم ئاخر من منال کۆرپەم هەیە، ووتى منالت هەیە؟ ووتم بەڵێ، ئینجا وە ستاو ووتى: وەللە هەلعزیم درۆبکەیت وەم گۆچانە پشتت دەشکێنم ووتم باشە رۆیمانە دواوە بۆ ناومناڵەکان، ووتم ئەم خێزانە هى منە، کەژاڵە، کافێیە، ئاسکەیە، باوکەکەمى 11سەر خێزان بووین، ئیتر منیش ووتم دەى ئەوە منالەکانم، ئەو وەعارەبى پێى ووتم ئەوەو ئەوەو ئیتر ئەو دواى هەراشە لاقەى مەکە ئیکرامء خالیدو رەحمانء دلشادء ناسک ئەم چوارەم هەڵگرت تەماشایەک مناڵەکانمکردوو پێمووتن ئێسە تێمە دواوە بۆلاتان، هەیسە دێمەدواوە بۆلاتان من (بەدەست ئیشارەتى گەرانەوەى کردووە) ئاوام ئەکرد بۆ ئەوان ئەوان بوونە گریەوە، دواى من ئا کچەکانیشم یەکێکى مارە بربوو، یەکێکى عازەب بوو، بو نەگریەوە، دواى من برا هاتوون، ژنیان داوەتە بەرگۆچان، تەماشا دەکەم دووکچ و دایکێک باوەشیانکردووە وەیەکاو یژن یەکترى بەرنادەین، ێژن ئێمەش ئەرۆین لەگەلڕ دایکمانا یان بادیکمانیش نەڕوا، براشیرینەکانم ئا وەوحاڵە بارمانیانکرد بەو خوایەى ئەچین وەپیریەوە سەعات 11ى نیوەرۆ بارمانیان کرد، هەر رۆین هەروە رێوە بویمان، بۆ بەیانى سەعات 9 داگیراوین، بێنان بێ ئاو، بێخواردن، بێهیچ، ئینجا ئەم سەیارەیە ئەشکێ بارمان ئەکەنە ناو ئەوە کەوە وەستان هەرنەبوو، بەخوا وامانە لێهاتبوو، ئیتر خۆ خوا گیانمان ناسێنێء .. ئەى خوا بۆ گیانمان دەرناکەیتء لەم عەزاوە نەجاتمان نادەیت، ئائەم کچەمە کە ئیسە بینیتان (چاى بۆ هاوردن) ئەو ساکە کۆرپە بیوى هەتا ئەم بیستء پێنج سەعاتە سەرى هاوە بان ئەمزیلەوە دێتء ئەچێت (لێرەدا پورە زینەت بەدەستەکانى حاڵەتەکەى بۆ دەگیراینەوە) ئێخۆ رۆحم دەرناچێت؟ دەیگووت لەناو ئەو زیلە سەرى ئاوهاى دەکردەوە، لەوێ کە داین بە زاندین گەیمانە پورە سەلمان مامەى ئەم کورە حاجى حسێن، هەم خالۆى ئەم کچەیە کاکە ووتى خۆ ئێمە لە عێراق دەرکریاوین، دامانیانگرتە ناو ( خاکێ ڕڕڕەەششش) رەش، بێ ئاو بێ خانوو ؟
بێجگە لە قەڵایە بۆز ،پیسء گەنیاو، هیچى لێنە بوو سەحرایە ناخۆش. کوێ بوو ئەو شوێنە نەتان زانى کوێیە؟ووتیان ئەمە نوگرە سەلمانە.- بەلێ نوگرەسەلمان، لەوێ وەزعتان چۆن بوو؟ - جا کورە شیرینەکەم وەزعمان چۆن بیوێ هەر رەزالەت بوى ، رۆژ واهەبوو 20 کەس 25 کەس ئەمرد، وەک زەلامەکان خۆمان ئەیانگیراوە کە ئەیانبردن ئەیانیان ناشت، عەسکەرەکان هەموو جارێ 5-6 زەلام خۆمانیان ئەبرد بۆ ناشتنیان، بەڵام ناشتنى چى هەروا تۆزێک چالیان بۆ دەکەندو بانیان ئەدانەوە هەروەجل خۆیانەوە، ئەسکەرەکان، پێیانیان ئەوتن بەسە بەسە بۆ ئەوەنە قولى ئەکەن، شەو کە کەسمان لێ ئەمرد هەر وەعەرەبانەى دەستیەکە ئەوەى زبڵیان پێئەرشت، ئەیان برد ئەیان ناشت خەڵکەکە وەچاو خۆى ئەى دى، ئەیان گووت: بەخوا ئەوەتا وا بەدەم سەگەکەوە، سەر فڵان زەلام ها وە دەم سەگەکەوە.- سەگەرەش - ئا (سەگەرەش) نازانم ئەو سەگانە چى بوون، سەگى ئەجنەبى بوون، چى؟ من ئەو سەگانەم دیووە، ئەو عانەى سوارى سەیارەکانمانیانکرد بینیم (بەلەپى دەستى پیشانماندەدات) ئەمەنە گوێچکەیان شۆڕبوو، جا زەلامیکمان بوو، خزممانە، هاوسێمانە جارێکیان،سەگەکان هاتبوونە نزیکمان، تەماشایان دەکردین، ووتى: سەگە رەش جارێ گیانمان هاتیا هاتیا، گەمارۆمان مەدەن بە خوا گیانمان هاتیا. - ئەمەى بە سەگەرەشەکە ووت؟- وەسەگە رەشەکانى ووت. جابرا شیرینەکەم ئەمە حالمان بویى بە خوا کەسێک سکچوونى بگرتایە مێش تێى ئەدا، جا مێش چى ، خوا بەگەورەیى تۆ قەسەم خوێن ئەو مێشە ئەها چۆن حەیوانێک دائەماڵى ئائەوا خوێنى لێدا ئەمالى، وەچاوخۆم دیم، یان ئاو ئاو هەر نەبوى، ئەوەى کەسیف بوایە ئەوەى دەستە پاچە بوایە حاڵەکەى خراپ بوى، کاتێکیش ئەرۆینە حەوشە بۆ سەتلەیەک ئاو با من ئازا بویمایەو بەش خۆم ئاوم بێنایە، یەعنى ئەوەنە خەڵکە کە زۆر بویى دیقە دیقەیان پێمان ئەکرد، خەڵکەکە ئەوەنە پێویستى بەئاوەکە بوو، چوار تاکە مانگ من لەورانە مام. ئێوارانێک بوو کەم کەمە شت ئەهات شت چى نیسکاوى بێتام، بۆ جەژن نیسکەواى ئەدا پێمان، دوو مەسئول هەرلەناوخۆمان کردبوویانە مەسئول، پیاوێک بوو، شێخ محەمەد ناوى بوو، خەڵک چەمچەماڵ بوو، ئێوارنێک ووتى پورێ ووتم باوکەکەم ووتى بەس ئەم مناڵانەى تۆ بەربن 15ساڵ تر من تیایدا بم شەرتوێ بە خەیاڵما نەیات، رووم رەش بوێت ئەگەر وەخەیاڵما بێت، بەس خوا بکا ئەم مناڵانەى تۆ بەربوون، مناڵەکان من هەرچواریان نەخۆش بوون، سورێژەیانە، گەلێک وەزعمان خراپبوو، رۆژێکهاتم ئەو کورەکەمان کە ئێستا وا شورتەیە، ویستم بیبەم مەلەى دەم لەناو ئەوەى نازانم مەغسەلەیە چىیە ئەمەى وا دەستى تیا ئەشۆن، هاتم مناڵم هێنا، مەلەى دەم ، مەغسەلە قلپەوە بوو، مناڵم لێکەوتە خوارەوە خوا بەگەورەیى تۆ قەسەم کە کەوتە ناو عەمارە ئاوەکە قووتوو، شووشەى چەند ساڵ لەوەوە بەر چوون وە لەشیا، وەها قیژاندم ئەو خەڵکەى لەوێوە نزیک بوون، ووتیان چییە ووتم بە خوا منالەکەم کوشت، کاتێک وردەوە بووم، تەماشادەکەم مناڵ خەڵتانە لە خوێن، نەدەرزى هەیە نەدەوا هەیە، ناچار کراسەکەى خۆمم دادرى، برینەکانم بەست،سێ مناڵی تریشم وا سورێژە یەتى، هەرچواریان ئەمەکەى تریش دوو کچءدوو کوڕ، وا ئەخنکێن ها ئیسە بمردن ها قەیەرێ تر، منیش هیچم پێناکرێ دینگەیە ها لەقەدمانا لە تاوا ئەوەنە سەرم کێشاوە، وەدینگەکەیا لە هۆش خۆم چووم، کاتێک هاتمە هۆش خۆم سەیرەکەم هام لەوان خراپتر.- پورە زینەت لەوێ باسى (حەجاج)ناوێک دەکەن ، تۆ حەجاجت دى ؟ - ئەرێوەلڵا وەو چاوانەى خۆم دیوومە، کابرایە ئێسک تاڵ، ئەیان ووت هەر ژنێک جوان بوایە، ئەیبرد وەپەنجەرەکەوە لاى خۆى دەیبەستەوە. - تۆ بەچاوى خۆت بینیوتە ئەو ژنانە ببەستێتەوە؟- وەلڵاهى پیاو راست بلێت، من وە چاو خۆم نەمدیووە، نە ئەشەوبیلا من نەمدیوە، بەڵان ئەیان ووت ئەو ژنێ جوانء جاحیڵ بوایە ئەیبردن ئەى بەستنەوە. کێ ئەى وێرا بچێتە نزیکیان، ڕۆژێکیان زەلامێ رۆیى خەڵک دێکەى ئێمەیە خەڵک فەقێ مستەفا، ووتى سەیرەکەم برێک سجن هان لە ژێر زەمینەکەیا سەروو ریشیان هاتبوو، ووتى چویمە دیاریان، سوێندو کەلامء قورئانى ئەخوارد ووتى وایان لێم کرد زەلامەکە عەزیز حوسێن بوو ووتى بردیانمە مردێتى، رۆژدوایى تۆزێک رۆنیان دابوویە، منیش پێم ووت مامە عەزە بۆچى ئەچیتە دیار ئەمنء ئیستخبارات ها چییان لیتکردووە، ووتى تۆ هەقت چىیە خۆ رۆنى خۆمیان داپێم. ئەمەنە پێویست رۆنەکەى بوو.- تۆ خەڵکى هەڵەبجەت بینى لەنوگرە سەلمان ؟ کورە شیرینەکەم نوگرەسەلمان گەورەبوو کێ بەکێ بوو، کەس نەیدەزانى ئەو خەڵکە قەراغىیە ئەى هەڵەبجەییە؟ منیش نەخۆنەوارو زەعیفە، بەخوا لەخەڵک دێکەى خۆمان بەولاوە کەسم نەدەناسى.ئەریوەلڵا هەرچى بێژى لێبووە. -ئەى کەى بەردران؟ - لەوەو دوا کە بویە پێنج مانگ لەورە ئیتر ناونوس هات ووتیان ناو خۆتان بنوسن، کەس ناوێرێ ناو خۆى بنوسێ ئەلێن بە خوا ئەتان بەن فرێتان ئەدەنە شەتەکەوە، کەس ناوێرێ خۆى بنوسێ، بەڵان ئەوەنە بێزاربووین، وتمان بۆ مردنیش بێ قەینا، خۆمانمان نوسى و دوایى بارمانیانکردوو بردمانیانە گەراجێکەوە ، لەوێ دامانیانا چاوەرێى سەیارەیان ئەکرد، کاتێکم زانى شرینقە ئائەلێرەمەوە (دەستى برد بۆ لارانى خۆى) هەڵسا کە تەماشا دەکەم ئەسکەرێکە دارێکى گەورەى بەدەستەوەیەو کەوتووەتە گیان خەڵکەکە، بەو خوا ها لەو بان سەرمانە هاتمەوە شوێن ئەو دارە نازانم داربوو کیبڵ بوو چى بوو هەتا درەنگانێ لەیرەش هەتا دووسێ مانگ هەر دیاربوو، ئێمە ئەو رۆژە حساباتێترمان بوو هەتا سواریشیانکردینەوە هەر ئەیانگووت ئەمانخەنە شەتەوە.-بۆ واتان دەزانى پێش ئیچوە کەسیان خستبووە شەتەوە ؟ بیستبووتان کەسیان وا لێکردبێ؟ + نەوەڵا نەمان، بیستبوو بەڵان رۆلە بەعس هەموو شتێکى ئەکرد، بەڵام ئەسکەرەکان وایانگووتبوو ئەتانبەین بۆ شەت، براکەم کاتێکمان زانى هێنامانیانەوە بۆ تۆپزاوا لەوێ برێکم دى لە خەڵک لاى خۆمان، ئەمنەکان هەموو ریشیان درێژ بوو، هەرکە چاویان وە ئێمە کەوت، خیرا پەردەکانیان دادایەوە، ئیتر ئیمەیان کردەوە ناو قاعەکانەوەو دواى سەیارەیان بۆمان هاوردوو هێنایانین، بۆ سلیمانى و لە سلێمانیەوە هاوردیانینەوە بۆ کەلار، ئیسەش وەو حالەوە کە دەیبنن هاین لەیرە.-ئەى دوایى سۆراخى کورەکانت نەکرد چییان لێهات؟ کەس نەیگووت من بینیومن؟ - ئیسە کوڕێک مایە کوڕ غەریب حەمەرەشیدە، کەریم، جا غەریب زاواى ئێمەیە، ووتى : سەعات 12ى شەو ئەهاتن باریانیان ئەکرد، ووتى سەعاتم ئەگرت سەیارەکان یەک سەعاتیان پێدەچوو ئەگەرانە دواوە ئەمە کەریم ئەى ووت، هەم کاروانێ تریان بار دەکرد، ئێ ئیمە ئەگەر بزانین؟ نەوەلڵا باوکم لەوەندە زیاتریان لەبارەوە نازانین. بە خوا گشتى رەمى کریاو زیندە بەچاڵ کرایا.-ئێستا سەدامء عەلى کیمیاوى گیراون، ماوەیەکى تر لە سەر تاوانى ئەنفال دادگایى دەکرێن، ئەگەر داوات لێبکەن دەچى شایەتیان لەسەربدەى؟- ئەرێوەلڵا شایەتى دەدەم، ئەرێ وەلڵا دەچم ، هەرچى بشێ ئەیکەم. ئەگەر سەدام بدەنە دەست تۆوە چى لێدەکەیت؟ چیى لێدەکەم وەلڵا هەر وەقەپء بە ددان سکى ئەدڕم . - داوات چیە لە حکومەتى هەرێمى کوردستان؟ - من گلەییم زۆرە ئەمەنە گلیم هەیە... پارەکە بۆ خۆمء بۆ ئەو چوار منالە 50،000هەزار دینارم داوە، ئەمە لەبەرئەوەى سجنى ئەنفال بوویمانە، وەلڵاهى نە ئەرزێ ، نەدینارێ عەشتەبامان وەرنەگرتە، ئەشەمبیلا معاش ئەنفالانە بە باوک منداڵەکان ئەدەن، تاکو ئێستا لە حسابى ئەنفال و ئەو سجنە یەک دینارێک بۆ خۆم و ئەو منالانە سەرف نەکراوە. تو خوا برا هەقم نیە؟ ئەگەر هەقم نیە قەیناکا؟ ئەگەر ئەم ئەنفالانە ئەم هەزاردینارە ( مەبەستى دینارى سویسریە) ئەبێ چى بکاتء بەش چى ئەکات، کیلۆیە تەماتە وە هەزار دینارە، کیلۆیەک پرتەقاڵ وە هەزارو پێنج سەد دینارە! - راست دەکەیت بەڵام تۆ داواى چى لە حکومەتى هەریم دەکەیت؟ - وەڵاهى برا من داواى چێدەکەم، ئەمەنە خێزانم ئەنفالکرایاوەو رۆیوە، خۆ دەبێ تشتێکمان بۆ بکات.- زۆر سوپاس ماندومانکردیت و داواى لێبوردنیش دەکەین، برینەکانمان کولاندیتەوە، ئێمە هیچمان نەماوە ئەگەر تۆ شتێکت مابێ پێمان بلێیت؟ نەوەلڵا کاکە عومەر گیان ئەبێ تۆش شتێک بۆ من بکەیت، تا ئێستا چەند کەسێکى تر رۆلەى کورى شیرینم وەک ئێوە هاتوونە ئێرە، ئاوا قسەم بۆیانکردووە، ئەى لە کوردساتا نامبینن؟ بەڵى من بینیومیت. دەى باوکم وەلڵا وەلڵا ئەو حەمکە خێزانەم رۆیشتە، ئیستیفادەى ئەو چلە پوشەم نەکردە.ئەبێ شتێک بۆ من بکەیت و شتێکم بۆ دیارى بکەیت، ئێستە من لەبەر بێکەسى ئەلەیرە دانیشتووم، کەسم نیە لە خوا زیاتر، کەس نیە وەدیارمانەوە تابەیانى من هام لەگەڵ ئەو مناڵانە.

ليست هناك تعليقات: