سیروان حه‌دداد
له ماڵپه‌ڕی 4rojhelat
به ناوی یه‌زدانی مهزنئهمساڵ بیستویهکهمین ساڵی تێپه‌ڕبوونی تراژێدیای به کۆمه‌ڵ کووژی خه‌ڵکی کوردستان له شاره هه‌میشه سهربڵندهکهی سه‌رده‌شتی خۆشه‌ویسته. ئه‌مساڵ زیاتر له دوو ده‌یه به سه‌ر ژینوساید و قڕکردنی خه‌ڵکی بێتاوانی شاره‌که‌مان به ده‌ستی دێوه‌زمه‌ی ره‌شی و چه‌په‌ڵی تێده‌په‌ڕێ. رۆژانی پڕ له ئێش و زامی به گاز خنکانی شاره‌که‌مان و ده‌یان په‌پوله‌ی باڵ زێڕین و فرشته‌ی چاو گه‌ش و رۆڵه جگهرگۆشهکانمانه. ساڵانێک به درێژایی به‌ره‌ی نوێ به سه‌ر ئه‌م کاره‌ساته نامرۆیانهدا تێپه‌ڕی و حه‌وتی پووشپهڕێکی دیکه‌مان به‌ره‌وپیر هاته‌وه.ئه‌و رۆژانه‌ی که وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی رۆژانێکی تاریک و ترسێنه‌ری شیمیابارانی شاره سهربڵندهکهی سه‌رده‌شته. ئه‌و ساته‌ی که به‌رۆکی دایکی نیشتمانی رنی و به خوێنی گه‌ش و ئاڵی رۆڵه‌کانی گه‌ل داری ئازادی و سه‌ربڵندی ئاودا. کۆمه‌ڵانی به‌شه‌ردۆست و خه‌ڵکی به‌هه‌ست و ئازادیخواز،ئێمه بیستویه‌ک ساڵ له‌مه‌وبه‌ر که‌وتینه به‌ر رق و قینی شێتێکی په‌تکراو و شه‌وه‌یه‌کی ئه‌هریمه‌نی، ده‌ستی دێوێکی ترسێنه‌ر قوڕگمانی گوشی و هه‌ناسه‌ی لێ پساندین،پیره باب و پیره دایه،کیژۆڵه‌ی چاو ره‌ش و کوڕه چاکلاوی به ئاوات نه‌گه‌یشتوو،جگه‌رگۆشه خنجیلانهکانمانیان بێبهزێیانه له چرکه ساتێکدا بۆ هه‌میشه لێیان ستاندین و به‌ره‌و گۆڕی نه‌مانیان بردن.سه‌دان شه‌هید و به‌هه‌زاران زامدار و برینداریان کردین،به‌وه‌ش نه‌وه‌ستان و داروبه‌رد و کێو و هه‌رچی زینده‌وه‌ری وڵاته‌که‌م بوو به گازی شیمیایی خنکاندیان و شارێکی پڕ له خۆشی و ئاوات و شادیان کرده گۆڕه‌پانی ململانه‌ی نێوان مانونهمان. حه‌وتی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ ساڵوه‌گه‌ڕی بیستویه‌ک ساڵه‌ی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌یه که سه‌ددامی له‌ناوچوو به‌سه‌ر خه‌ڵکی سه‌رده‌شتی هێنا،هه‌ڵبه‌ت ئه‌و کرده‌وه نه‌گریسه ئاخرین ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر گه‌له‌که‌مان نه‌بوو و هه‌ر به دوای کاره‌ساتی سه‌رده‌شت، کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه و باقی شار و گونده‌کانی کوردستانیان خۆڵقاند و دووباره به هه‌زاران شه‌هید و برینداری له نه‌ته‌وه بێتاوانهکهمی گرت و به سه‌دان روڵه‌ی کرده قوربانی ئاوات و ئاره‌زۆ چه‌په‌ڵه‌کانیان.دوژمنانی گه‌له‌که‌م وایان ده‌زانی به‌م چه‌شنه کرده‌وه کۆمه‌ڵکووژیانه ده‌توانن به ئاواتی دێرینه‌ی خۆیان بگه‌ن به‌ڵام خه‌یاڵی خاو و خه‌ونێکی به‌تاڵ بوو، چاوی مرۆڤدۆستی کراوه‌یه و ویژدانی ئاشتیخوازان وه‌خه‌به‌ر،هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ من به چاوی خۆم نه‌مان و زه‌بوونی سه‌ددام و سه‌ددامه‌کان ده‌بینم، نه‌وه و به‌ره‌ی داهاتوو منیش مێژووی قاره‌مانه‌تی و هه‌رمانمان، داستان به داستان و کتێب به کتێب ده‌ڵێنه‌وه و نه‌مان و سه‌رشۆڕی زلهێزانی شه‌ڕخواز بۆ رۆڵه‌کانیان ده‌گێڕنه‌وه.له ساڵیادی ئه‌م رۆژه پڕئێشهدا چاوه‌ڕوانین خه‌ڵکانی به‌شه‌ردۆست و کۆڕوکۆمه‌ڵانی ئاشتیخواز له سه‌رانسه‌ری ئه‌م جیهانه به‌تایبه‌ت هاوشاریان و هاووڵاتیانمان له‌گه‌ڵماندا بن و به یاد کردنه‌وی حه‌وتی پووشپه‌ڕ روحی شه‌هیدانمان شاد بکه‌ن و بۆ چه‌ند ساتێکیش بێ زامی زامدارانی شیمیایی ساڕ‌ێژ بکه‌ن. با له سه‌عات 4:30 دقیقه‌ی دوانیوه‌ڕۆی رۆژی حه‌وتی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵیش به ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی یادی شه‌هیدانی هه‌میشه زیندووی شیمیابارانی سه‌رده‌شتمان کردبێت و نه‌هێڵین یادی ئازیزانمان له یاد بچێ.به‌رز و پیرۆز بێت یادی شه‌هیدانی شیمیابارانی سه‌رده‌شت و گشت شه‌هیدانی گهلهکهمانبه ئاواتی ساغی و سه‌لامه‌تی هه‌رچی زووتری بریندارانی شیمیایی
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق