ئا: سهنگهر بيلال
ناحیەی شۆڕش ئەو كۆمەڵگەیەیە لە شاڵاوی ئەنفالی ساڵی
(1988) ی رژێمەكەی سەدام دروستیكرد و دانیشتوانی گوندەكانی دەورووبەری بۆ راگوێزرا، گەنجەكانیان ئەوێ بە «پایتەختی پاشماوەی ئەنفال» ناو دەبەن، بەشێك لەگەنجانی لەگەڵ كێشەكانی بێكاری و كۆمەڵایەتی و دەرونیدا ژیان دەگوزەرێنن. ناحیەی شۆڕش سەربەشارۆچكەی چەمچەماڵە و دەكەوێتە باكووری خۆرهەڵاتی كەركوك.
باری ئابووری گەنجانی پاشماوەی ئەنفال:
باری ئابووری كەس و كاری ئەنفالكراوەكانی ناحیەی شۆرش تاوەكو روخاندنی رژێمەكەی سەدام لەژێر هێڵی هەژاریدا بووە، بەڵام هێشتا گەنجەكان خاوەن ئابوورییەكی سەربەخۆ نین و بژێوی و پارە پەیداكردنی خۆیان لەسەربازی و فەرمانگە حوكمەیەكاندا دەبیننەوە.
رێبوار مستەفا، تەمەن (25) ساڵ یەكێكە لەو سەدان گەنجەی ناحیەی شۆڕش كەباوكی و چەند ئەندامێكی خێزانەكەی ئەنفالكراوە، هێما بۆ ئەوە دەكات پێش ئەنفال گوند ئابووریەكی خۆماڵی هەبووە «خاوەن مەڕو ماڵات و كشتوكاڵ بووە، كاتێك لەزێدی خۆیان وەدەرنراون قاتوقڕی بەرۆكی گرتوون و هەڵپەكردن بۆ بژێویی ژیان سەخت بووە»، ئەم گەنجە دەی وت: سەرچاوەی دارایی گەنجەكانی شۆڕش پشت دەبەستێت بە پێشمەرگایەتی و پۆلیسی و كرێكاری، كەمتر خاوەن ئابووریەكی سەربەخۆن.جەزا رەئووف، گەنجێكی تری پاشماوەی ئەنفالە، بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەی ڕۆژانە بەكرێكاری پەیدا دەكات، ئەم گەنجە لە خەمی ئەوەدایە كرێكاری دەست بكەوێت و بەدەستی بەتاڵ نەگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی. بۆیە دەیوت «رۆژێك كرێكاری نەكەی پێتەوە دیارە، مووچەی پاشماوەی ئەنفالیش كەمە لەبەرئەوەی ئێمە پێنچ كەسین, دوو برام ژنیان هێناوە، بۆیە موچەكە دابەش دەكەین»، جەزا دەی وت موچەكە ئەگەر حكومەت نەیدایە چیمان لەدەست دەهات, پیاوی هەژار شەڕی حكومەتی پێناكرێ».
باری كۆمەڵایەتی گەنجەكان:
لە شۆرشدا، ژمارەیەكی زۆری دانیشتوان لە رووبەرێكی كەمی زەویدا كۆكراونەتەوە، ئەمەش بۆتە هۆی تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵایەتی لەو ناحیەدا.
هێمن محمد، تەمەنی (27) ساڵ یەكێكە لەو گەنجانەی كە ئەنفال لەژینگەی كۆمەڵایەتی گوندی دابڕیوە و باوكی بەرشاڵاوی ئەنفال دەكەوێت و ئیدی هێمن بەبێنازی باوكی لەنێو كۆڵانە تۆزاوی و وشك و كەم ئاوەكانی ئەم ئۆردوگا زۆرەملێیەدا لە چاوەڕوانی باوكیدا گەورە دەبێت، بۆیە پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی خۆی بە نادروست دەبینی و جەختی لەوە دەكردەوە و تاوەكو ئێستا باری كۆمەڵایەتی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان نا تەندروستە و ناتوانی لەچوارچێوەی ماڵەكەی خۆت زیاتر قسە لەسەر هەندێك لایەنی پەروەردەیی و ئەخلاقی بكەی كە تاوەكو سەرئێسك پێچەوانەی دابونەریتی كۆمەڵگەی كوردەوارییە، له درێژهی قسهکانی دا وتی: ئەو بارە كۆمەڵایەتییەی كە هەیە ئەمری واقیعە ئەگەر نا لەلای زۆرێكمان باش نییە.
شێرزاد گەنجێكی تربوو، هێما بۆ ئەوە دەكات كە كۆكردنەوەی خەڵكی گوند لە كۆمەڵگای زۆرەملێدا «ئەنفال سیاسەتێكی رژێمی بەعس بوو، لەبەر ئەوەی ویستی كورد لە رووی كۆمەڵایەتیەوە هەڵبووەشێنێتەوە و تێكبشكێنێت، بەكرداریش ئەوەی كرد».
باری دەروونی گەنجەكان:
مەریوان عبدالمجید، تەمەن (23) ساڵ و خوێندكاری زانكۆیە، لەو گەنجانەیە ددان بەوەدا دەنێت كە ئەنفالكردنی باوكی توشی داڕوخانی كردووە و لەسۆزی باوكایەتی بێبەش بووەو بەهەتیوی رۆژەكانی ژیانی لەنێو خێزانێكی بێ باوكدا بەڕێكردووە، ئەوەی پشتڕاست دەكردەوە و وتی: باوك كەسێكی گرنگی خێزانە و قورساییەكی زۆری هەیە، كاتێك كە لەناویان نامێنێ لەبەرامبەریشدا سۆز و خۆشەویستی باوكی منداڵانی دراوسێكانی دەبینێ ئەو كاتە هەست بەداڕووخان دەكات». شنۆ حەمید، تەمەن(25)ساڵ كچێكی پاشماوەی ئەنفالە و ئەوەی ئازاری دەدات و بۆتە گرێیەك لەدەرونیدا، بینینی «بەشێكی ئەوكەسانەیە كەدەستییان هەبووە لە ئەنفالدا و ئێستا دەسەڵاتدارن، ئەوە لایەنی دەروونی من ئازار دەدات» ئەم كچە هێمای بۆ ئەوە دەكرد كەمی خزمەتگوزاریش لە ناحیەی شۆرشدا بۆخۆی ئازار دەری دەروونین و»بەشێكن لەدووبارە بوونەوەی ئەنفال». بەرپرسی بنكەی شۆرشی ئازادی لاوان، ئەسەد تەحسین بە چەتری راگەیاند: ئێمە پردێكی پەیوەندین لەنێوان لاوان و حكومەتدا، خولی جۆراوجۆرمان بۆ لاوان كردۆتەوە بەڵام كێشەی لاوانی پاشماوە ئەنفال لەوە گەورەترە ئێمە بتوانین ساڕێژی بكەین، بەپێی بەڕەكەی خۆمان پێمان راكێشاوە و درێخیمان نەكردووە، ئەوە كاری حكومەتە كێشە دەرونی و كۆمەڵایەتیەكانی لاوان كەم بكاتەوە، بنكەكەمان تاكە شوێنە لە شۆڕشدا دەبێتە ماڵی لاوان, چونكە نە كتێبخانەیەكی گشتی هەیە نە سەنتەرێك هەیە، ئەمەش نەبۆتە هۆی چارەسەری تەواوی زامەكانیان، بۆیە شۆڕش پایتەختی پاشماوەی ئەنفالە. (پرۆسەكانی ئەنفال و كاریگەییەكانی لەسەر لاوان) ئەو ماستەر نامەیەیە كە «توێژینەوەیەكی كۆمەڵایەتی و دەروونی مەیدانییە» لە سنوری كەركوك، سلێمانی، گەرمیان، لەساڵی (2008) فاتیح سەنگاوی ئەنجامی داوە، بۆیە لەم رووەوە زانیاریەكانی خۆی لەبارەی نەوەكانی دوای ئەنفال بۆ چەتر دەخاتە روو وتی: ئەم توێژینەوەیە قسەكردنە لە گەنجانی پاشماوەی ئەنفال، واتە لەبارەی منداڵێتی ئەوان و كاریگەریی لەسەر گەنجتێتی ئێستایان و داهاتوویان، لە توێژینەوەكەدا كۆمەڵێك دەرئەنجام بەدەست هاتووە، بەڕاستی نەرێنییە، كە گەنجانی پاشماوەی ئەنفال بەم شێوەیە:
•لە (%68) ئەو باوەڕەیان بۆدروست بووە خەڵك گرنگی بەوان نادات.•لە(%75) لە مناڵیدا كاریانكردووە، دەزانین كاركردنی منداڵ كاریگەری خراپی دەبێت لە سەر داهاتووی.•لە(%90) ترسیان هەیە روبەرووی كێشەیەكی كۆمەڵایەتی ببنەوە.•لە (%70) گرفتی ئەوەی هەیە ناتوانێت بە هێمنی تێگەیشتنی هەبێت و كەسانی تر لەخۆبگرێت.• لە (%50) هەڵسوكەوتی زبرە لەگەڵ كەسانی تردا.•لە(%90) هەست بەوەدەكەن خەڵكی تر لەوان تێناگات و هەست بەخەمی ئەوان ناكات.•لە(%90) پێیان ناخۆشە خەڵك بەچاوی بەزەییەوە سەیریان بكەن.
ژێدهر : ماڵپهری چهترپرێس
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق