سلێمانی 25 تەمووز/ یۆلیۆ (ئاكانیوز) ـ ئێوارەى ئەمڕۆ یەكشەم لە هۆڵى خەندان لە شارى سلێمانى /364 كم باكوری ڕۆهەڵاتی بەغدا/، خوێندكارێكى خوێندنى باڵا لە بەریتانیا لە كۆڕێكدا توێژینەوەیەكى هێڵكاریی خۆى بۆ بەدیكۆمێنتكردنى ئەنفال خستە ڕوو.عوسمان قادر لەوبارەیەوە بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ی راگەیاند "من خوێندكارى قۆناخى سێیەمى خوێندنى باڵام لە بەریتانیا و تێزى دكتۆراكەم لەسەر بەدیكۆمێنتكردنى جینۆسایدە بەتایبەتى ئەنفالى 2 و 3 و بەشێوەیەكى هێڵكارى بەئەنجامم گەیاندووە".زیاتر گوتى "من خۆم شایەتی بەچاودیتەی كارەساتى ئەنفال بووم و باكگراوندێكى هونەریشم هەیە، دەرفەتێكی وام هەبوو لە ڕێگەى هونەرەكەمەوە خوێندنەوە بۆ كارەكانم بكەم و شوناسى تەواوی ئەنفال بەبینەرانى دەرەوە بناسێنم".قادر ئاماژەى بەوەش دا "تا ئێستە لە چەندان سیمینار و كۆنفراسى تایبەت بەجینۆسایدى گەلانى دنیا بەشداریم كردووە، كە دوایەمینیان كۆنفرانسی دنیایی بۆ بەگژداچوونەوەی جینۆساید بوو لە كۆتای مانگى ڕابردوو لە بەریتانیا ساز كرا و تێیدا چەندان زانكۆى وڵاتانى دنیا بەشدار بوون، من تاكە بەشدارى كورد بووم لەو كۆنفرانسە و توێژینەوەكەى خۆم پێشكێش كرد"."ئەمڕۆ ئەم كۆبوونەوەیە ساز دەكەین بۆ تیشك خستنە سەر كارى ئەكادیمى لەسەر جینۆساید لە كۆن و تازەدا بۆ ئەوەى بتوانین فایلى خۆمان بەهێز بكەین و بچینە نێو كۆمەڵگەى نێودەوڵەتى، بۆ ئەوەى بتوانین ئەنفال وەك جینۆساید بەدنیا بناسێنین و بمانناسن" قادر واى گوت.هەژیی گۆتنە ڕێژیمی بەعسی لێخراو لە چەند هەڵمەتێك و بەچەند قۆناخێك سەدان هەزار كوردى بەناوى شاڵاوى ئەنفال گرت و بێ سەروشوێن كرد، قۆناخى یەكەم لە 22ى شوبات/یەنایەرى 1988 بۆ سەر دۆڵی جافایەتی دەستی پێ كرد و سێ هەفتەى خایاند.قۆناخى دووەم لە 22ى ئادار/مارسی 1988 بۆ سەر ناوچەى قەرەداخ دەستی پێ كرد و تا 30 هەمان مانگ بەردەوام بوو، قۆناخى سێیەم كە فراوانترین قۆنانى ئەنفال بوو لە 7ى نیسان/ ئەپریلى 1988 بۆ سەر ناوچەى گەرمیان دەستی پێ كرد. قۆناخى چوارەم مانگى ئایار/مارسی 1988 ناوچەكانى دۆڵی جافایەتی و گوندەكانى نێزیك زێیی بچووكى گرتەوە، قۆناخەكانى پێنجەم، شەشەم و حەوتەم لە 15ى ئایار/مایۆى 1988 تا 28ى ئاب/ ئۆگستسى هەمان ساڵ سنوورى گوندەكانى سەر باژێڕی هەولێرى گرتەوە و بەچەكی كیمیایی ئەو گوندانەى كاول كرد.قۆناخى هەشتەم لە 25ى ئاب/ ئۆگستسى 1988 دەستی پێ كرد تا 6ى ئەیلوول/ سێپتێمبەرى هەمان ساڵ ناوچەى بادینانى گرتەوە.دادگەییكردنى تۆمەتبارانى ئەنفال لە 21 ئاب/ ئۆگستسى 2006 دا دەستی پێ كرد و دواى چەندان دانیشتن لە 24 حوزەیران/یۆنیۆى 2007دا حوكمى لەداردان بۆ عەلى حەسەن مەجید، ناسراو بە"عەلى كیمیایى" ئامۆزا و گەورە یاریدەرى سەدام حوسێن سەرۆكی لێخراوی عێراق و سوڵتان هاشم وەزیرى بەرگرى و حوسێن رەشید تكریتى دەرچوو.
سەرچاوە:
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق