
گۆران هه‌ڵه‌بجه‌یی-دانیمارك/ له‌کارکردن بۆ ئه‌نفالدا نابینم دڵسۆزی و جددییه‌ت
به‌ر له‌وه‌ی به‌رسیڤی پرسیاره‌که‌ت بده‌مه‌وه که له چه‌ند به‌شێک پێکهاتووه رێگه‌م پێبده پرسیارێک ئاراسته‌ی خۆمان بکه‌م که په‌یوه‌سته به پرسیاره‌که‌ی بهڕیزتهوه، .پرسیاره‌که‌ش ده‌ڵیت به‌رله‌وه‌ی بگه‌ڕیێن به‌دووی هۆکاره‌کانی نه‌ناسینی دۆزی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تیدا ،خۆمان له کوردستان چیمان بۆ مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال کردووه ، به‌تایبه‌تی له‌ڕووی خۆشکردنی ژیان و گوزه‌رانی پاشماوه‌کانی ئه‌نفال؟
پاش تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته نامرۆڤایهتیهدا ، کاره‌ساتێک که ده‌کرێت له ئه‌ندازه‌ی دڕندیی پرۆسێسه‌که‌دا بکرێته هاواتای هۆلۆکۆس یا جینۆسایدکردنی ئه‌رمه‌نیه‌کان، ئایا هه‌نگاوه‌کانمان له ئاستی کاره‌ساته‌که‌دا بوون؟چی کراوه بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی ئازارومهینهتیهکانی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان؟ چی کراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مرۆڤانه پشوویه‌ک بده‌ن و له‌و تراژیدیایه ڕزگاریان بێت؟
ڕووی پرسیاره‌که‌شم به به ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر له ده‌سه‌ڵاتدارانی کوردیه ، چونکه ئه‌وان خاوه‌ن هه‌موو تواناکانن له وه‌زاره‌ت و داموده‌زگای فه‌رمیی و پاره‌و بڕیاردان.
گه‌ر به‌دووی وهرامهکهدا بگه‌ڕیین زۆر به‌ئاسانی ده‌ستمان ده‌که‌ویت،که‌ده‌ڵیت به‌داخه‌وه کارێکی ئه‌وتۆ بۆ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان نه‌کراوه .تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدابیت هیچ جۆره به‌رنامه‌و پلانێک له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بوونی نیه.
له‌ماوه‌ی ئه‌م 17 ساڵه‌ی ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌دا ده‌کرا زۆرشت بۆ ئه‌نفال بکریت گه‌ر نیه‌ت و دڵسۆزی و ئاره‌زوو هه‌بوایه ،چ له بۆ پاشماوه‌ی ئهففالکراوهکان یا چ له ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیدا .
هۆکاریش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆئه‌وه‌ی که مه‌له‌فی ئه‌نفال هه‌رگیز نه‌بووته مه‌له‌فێکی به‌هێز و له ئه‌جندای ده‌سه‌ڵاتی کوردیش‌دا نه بووه‌ته ئه‌وله‌ویات وه هه‌موو ئاماژه‌کان ئه‌وه ده‌سه‌لمێنن که له‌سه‌ره‌تای ده‌سه‌ڵاتی خۆمانه‌وه تا ئێستا دۆزی ئه‌نفال له‌کن حیزب و لایه‌نه به‌رپرسه‌کانی کوردستان جێی بایه‌خ نه‌بووه و نیه ، به‌ڵکه پتر پرسه حیزبیه‌کان ئه‌وله‌ویات بوون که له ئه‌نجامدا ده‌چنه خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسه‌تی حیزبیه‌وه نه‌ک نه‌ته‌وه‌ییه‌وه.
گه‌ر بمانه‌وێت کار بۆ ئه‌نفال بکه‌ین گه‌ره‌که سه‌ره‌تا له‌نزیکترین ئه‌ڵقه‌ی دۆزه‌که‌وه ده‌ست پێبکه‌ین ئه‌ویش کارکردنه به ئاراسته‌ی گۆڕینی ژیانی که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان به‌ره‌و ئاسووده‌یی و خۆشگوزه‌رانی. گه‌ر ئاوڕێک له شێوه ژیانی کهسو کاره‌کانیان بده‌ینه‌وه زۆر به ڕوونی بهدیاردهکهویت که له چ دۆزه‌خێکدا ده‌ژین ده‌توانین ناوی بنێن دۆزه‌خی به‌رده‌وامیه‌تی ئه‌نفال، که له ئه‌نفالی ده‌روونی و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیدا بهرجهستهدهبیت.ئه‌وانه ئازیزترین که‌سی خۆیان له‌ده‌ست که به‌رده‌وام له چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا بوون، که به‌داخه‌وه ده‌رکه‌وت هه‌رگیز ناگه‌ڕێنه‌وه بۆلایان ،ته‌نها تاوانی ئه‌وانه‌ش کورد بوون بوو ، له‌ده‌ستدانی نزیکترین که‌سیش هه‌رگیز قه‌ره‌بوو ناکرێته‌وه ،لێ له‌بری ئه‌وه ده‌کرێت ژیانیان باشتر بکرێت که ئه‌وه که‌مترین پاداشت و خزمه‌ته پێشکه‌شیان بکرێت. که‌واته تا ئه‌وانه له‌و ژیانه پڕ زه‌حمه‌ت و گرانه‌دا بژین و له‌سه‌ره‌تایترین پێداویستیه‌کانی ژیان بێبه‌شبن قسه‌کردن له‌باره‌ی ئه‌ڵقه‌کانی دیکه‌وه مانایه‌کی ئه‌وتۆی نابیت.
مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفال ته‌نها له‌م جه‌ند ساڵانه‌ی دوایدا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی کوردیه‌وه گرنگی پێدراوه که ئه‌ویش گرنگیه‌کی ڕووکه‌شیه و پتر خۆی له‌و مه‌راسیمانه‌دا ده‌بینیته‌وه که بۆ یاده‌که سازدهکرین،له‌وێدا به‌رپرسه حزبی و حکومیه‌کان چه‌ندین وتاری فرمێسکاوی ده‌خویننه‌وه و له‌ته‌کیدا چه‌ندین به‌ڵێنی درۆش بۆ چاککردنی باری ژیانیان ده‌ده‌ن.لێ هه‌ر که سواری سه‌یاره‌کانیان ده‌بن هه‌موو به‌ڵینه‌کانیان پاش خۆیان جێده‌هێڵن و هه‌مووشت لهیاددهکهن.
ئاخر چ ویژدانێک ئه‌وه قه‌بوڵ ده‌کات خێزانێکی شه‌هیدی ئه‌نفال مووچه‌که‌ی ته‌نها چه‌ند هه‌زار دینارێک بیت که به‌شی خه‌رجی ته‌نها چه‌ند ڕۆژێک ده‌کات، به‌ڵام شه‌هیدێکی پله‌داری هه‌ردوو ته‌قینه‌وه‌که‌ی هه‌ولێری 2004ی جه‌ژنی قوربان که له‌مه‌ڵبه‌ندی یه‌کیه‌تی و لقی شه‌شی پارتی ڕوویدا 5 ملیۆن دیناربێت و هه‌وڵی زیادکردنیشی بدریت.جا ئه‌م جیاوازیه له نێوان مووچه‌ی شههیندانی ئه‌نفال و شه‌هیدانی دیکه‌دا خۆی له‌خۆیدا گرنگی نه‌دان و خه‌مساردی ده‌سه‌ڵاتی کوردی ده‌رده‌خات به‌رامبه‌ر به ئه‌نفال.
به‌رای من گه‌ر حکومه‌تێک ده‌سه‌ڵاتێک نه‌توانیت ژیانێکی نۆرماڵ و شایسته و دوور له هه‌ژاری و ده‌رده‌سه‌ری بۆ که‌سوکاری ئه‌نفالکراوه‌کان دابین بکات،بێگومان نا‌توانیت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تیشدا به دڵسۆزی کار بۆ خودی دۆزه‌که بکات.
ڕویه‌کی دیکه‌ی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه له دادگایی ئه‌نفالدا خۆی ده‌بینێته‌وه که‌به‌هه‌موو کهمووکووڕیهکانهوه نه‌مانتوانی له به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌که‌مان به‌کاری بهێنین . ده‌کرا ئه‌و دادگاییه بکرێتهکارتێکی فشار بۆسه‌ر ده‌سه‌ڵاتی عێراقی بۆ زۆر ده‌سکه‌وت، یا ده‌کرا له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یشدا به‌سودی خۆمان به‌کاری بهێنین .به‌داخه‌وه ئه‌وه ڕووینه‌دا ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که خۆمان به‌باشی بۆ ئاماده‌نه‌کردبوو.هه‌ر بۆیه‌ش دوای کۆتایی دادگاییه‌که له‌بری ئه‌وه‌ی کاریگه‌ری و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی مه‌زن به‌دووی خۆیدا بهێنێت ،ده‌بینین هێدی هێدی باسه‌که‌ی کال و سارد بوویه‌وه‌و ئه‌و له‌رزینه‌ی درووست نه‌کرد که چاوه‌ڕیمان ده‌کرد. جا به‌وه‌ش فرسه‌تێکی گرنگمان له‌ده‌ستدا .
سه‌باره‌ت به هۆکاری ده‌نگ نه‌دانه‌وه‌ی ئه‌نفال له ئاستی عه‌ره‌بی و نیوده‌وڵه‌تیدا، ئه‌و بۆچوونه‌ی سه‌ره‌وه تاڕاده‌یه‌ک به‌شێکه له هۆکاره‌کان له‌گه‌ڵ چه‌ندین فاکته‌ری دیکه‌ش که په‌یوه‌ستن به دیدو بۆچونی هه‌ردوو جیهانی عه‌ره‌بی و نێوده‌وله‌تیه‌وه. با سه‌ره‌تا باس له جیهانی عه‌ره‌بی بکه‌ین که بۆچی ئه‌م کاره‌ساته مه‌زنه به‌و چه‌شنه‌ی که پێویست بوو نه‌ناسرا ؟
من به‌شبه‌حاڵی خۆم هه‌رگیز چاوه‌رێی کاری مه‌زن و هه‌ڵوێستی مرۆڤدۆستانه‌م له شه‌قامی عه‌ره‌بی نه‌کردووه به‌رامبه‌ر به کورد وباوه‌ڕیش ناکه‌م له ئاینده‌دا هه‌ڵوێستیان زۆر بگۆڕێت . پێکهاته‌کانی وه‌ک حکومه‌ت ، په‌رله‌مان ، ئه‌حزاب ،نێوه‌نده ئیسلامیه‌کان ،ڕێکخراوه جه‌ماوه‌ریه‌کان ،ڕۆژنامه‌نووسان و زۆربه‌ی ڕۆشنبیران ،زۆرێک له‌م ناوه‌ندانه که خاوه‌ن سه‌نگ و بڕیارن تائێستا به دیدێکی شۆڤێنیانه‌وه ده‌ڕواننه مافه‌ڕه‌واکانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و هیچی پێ ڕه‌وانابینن . جا گه‌ر ئه‌مه هه‌ڵوێستان بیت به‌رامبه‌ر به سه‌رجه‌م گه‌لی کورد بێگومان چاوه‌ڕێی باشهشیان لێناکرێت بۆ دۆزی ئه‌نفال.ئه‌مانه به‌رده‌وام په‌رده‌پۆشی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالیان بۆ ڕژێمی سه‌ددام ده‌کرد.تائێستاشی له‌گه‌ڵدابێت کوێتی لێده‌رچێت هیچ وڵاتێکی عه‌ره‌بی له میدیاکانیدا باسی ئه‌نفال و هه‌له‌بجه‌ی نه‌کردووه وه‌ک دووکاری دژ به مرۆڤایه‌تی که سه‌ددام ئه‌نجامی داون ،چاویان ئه‌و هه‌موو کاره‌ساته نابینێت که به‌سه‌ر میلله‌ته‌که‌ماندا هاتوون،به‌ڵام ده‌مێک چه‌کدارێکی حه‌ماس یا حیزب وڵای لوبنانی ده‌کوژرێت ده‌یکه‌نه هه‌ڵا، و دنیای لێتێدهگهیهنن ،مه‌سه‌له‌که‌ش ڕوون و دیاره ،ئه‌وانه عه‌ربن بۆیه به‌و شێوه له میدیاکانیاندا باسی ده‌که‌ن و ناویان به‌رز ده‌که‌نه‌و ده‌یانکه‌نه قاره‌مان ،که‌واته ئه‌م ڕژێم و حیزب و لایه‌نانه به‌ئیسلامی و ناسیۆناڵ و عهلمانیانهوه تائێستاس له ژێر کاریگه‌ری هزری شؤڤێنی عه‌ره‌بیدان.
ئه‌مانه چ حیزب و چ ده‌سه‌ڵات واده‌ڕواننه مه‌سه‌له‌که که کورد له‌سه‌ر خاکی عه‌ره‌ب ده‌ژی،وهسهدامیش هه‌رچی کردبیت پارێزگاری له خاکی عه‌ره‌ب و ده‌روازه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی عه‌ره‌بی کردوه، هه‌ر بۆیه تائێستاش ڕه‌وایی ده‌ده‌نه کرده‌وه‌کانی سه‌ددام به‌رامبه‌ر به کورد.
ئه‌وه‌ش له‌یاد نه‌که‌ین که له‌وانه‌یه هه‌ندێک له‌و ڕژێمه عه‌ره‌بانه له‌ته‌ک سیاسه‌تی سه‌ددامدا هاوسۆز نه‌بووبن ،به‌لام په‌یوه‌ندیه‌کی تووندووتۆڵی ئابووریان له گه‌ڵیدا هه‌بووه و بڕێکیان به سه‌ده‌قه‌و سواڵی سه‌ددام ژیاوان، بۆیه ئاماده‌نه‌بوون له پێناوی چه‌ند هه‌زار کوردیکدا بهرژهوهندیهکانیاین بخه‌نه مه‌ترسیه‌وه.
که‌واته تائه‌و ده‌مه‌ی ئه‌مانه به‌م ئه‌قڵیه‌ته بیر بکه‌نه‌وه و نه‌عامه ئاسا ملی خۆیان به‌ژێر خۆڵهوهبکهن تا ڕاستیه‌کان نه‌بینن، وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا چاوه‌ڕیی هه‌ڵوێستی ئیجابیان لێناکریت .
ته‌نها تروسکاییه‌ک که بهدیدهکریت هه‌ڵوێستی ڕاست و جوامێرانه‌ی هه‌ندێک له ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌به که به‌رده‌وام پشتگیریمان لێده‌که‌ن و تاڕاده‌یه‌کی باشیش به‌رهه‌میان له‌سه‌ر ئه‌نفال و نه‌هامه‌تیه‌کانمان هه‌یه‌و کاری تێدا ده‌که‌ن .هه‌ر به هۆی ئه‌م هه‌ڵوێسته ئینسانیانهیانهوه به‌رده‌وام دووچاری هه‌ره‌شه‌و سوکایه‌تی وڕه‌خنه‌ی تووندی ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه بوونه‌ته‌وه که سه‌ر به قوتابخانه‌ی عهفلهقن.
که‌مته‌رخه‌می خۆشمان وه‌ک کورد لایه‌نێکی دیکه‌ی مه‌سه‌له‌که‌یه،فه‌رموو خۆ ئێستا ڕژێمی سه‌ددام نه‌ماوه بۆ هه‌وڵێک ناده‌ین به ئاراسته‌ی فراوانکردنی ئه‌و ترووسکاییه‌ی له نێو ڕۆشنبیرانی عه‌ره‌بدا به‌دی ده‌کریت ؟
به‌داخه‌وه کاره‌کانمان هه‌وڵه‌کانمان له نێو جیهانی عه‌ره‌بیدا به ئه‌ندازه‌ی پێویست نه‌بووه.ده‌کرا و زۆریش پیویست بوو که ده‌زگایه‌ک نیوهندیک گروپێک که له که‌سانی پسپۆڕ له بواری ئه‌نفالدا پێکبهێنرایهو سه‌ردانی ولاتانی عه‌ره‌بیان بکردایه‌و دیالۆگ و سه‌میناریان له گه‌ڵ لایه‌نه‌کان ئه‌نجام بدایه، ته‌نانه‌ت گه‌ڵ ئه‌وده‌سه‌ڵات و که‌سایه‌تی و حیزبانه‌ش که ئێمه به نه‌یاریان ده‌زانین، مه‌به‌ست له‌مه‌ش ڕاگۆرینهوهو باسکردنی مه‌سه‌له‌کانه.چونکه ڕووینه‌داوه که‌سێک به پێی خۆی بێت بۆلامان و داوای دۆستایه‌تیمان لێبکات ،به‌ڵکه گه‌ره‌که ئێمه بچین بۆلای و ڕه‌وایی مهسهلهکهمانی تێبگه‌یه‌نین ،ئیدی تا چ ڕاده‌یه‌ک سهرکهوتوودهبین ئه‌وه باسێکی تره . له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باوه‌ڕناکه‌م ئه‌م جۆره هه‌وڵانه گه‌ر بکرێن بێئه‌نجام بن.
که‌وابوو نه‌بوونی ئه‌و جۆره هه‌وڵانه‌ی ئاماژه‌م پیدا که‌لێنێکه له سیاسه‌تی ئێمه‌دا له مهر ناساندنی دۆژی ئه‌نفال له نێو جیهانی عه‌ره‌بیدا.
لایه‌نێکی دیکه که تێیدا لاوازین نه‌مانتوانیوه به چاکی سوودی لی وه‌ربگرین میدیای عه‌ره‌بیه، ئاشکرایه ئه‌مڕۆ عه‌ره‌ب خاوه‌ن چه‌نده‌ها سه‌ته‌لایتن، ئه‌مانه باشترین وخیراترین رێگه‌ن بۆ گه‌یاندنی هه‌ر په‌یامێک به ملیۆنه‌ها عه‌ره‌ب.ڕاسته بڕێک له‌و ده‌زگایانه ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌ت یا کاریگه‌ریی هزری شۆڤێنی له‌سه‌ره ،لی ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه هه‌موو ده‌رگاکان به‌ڕووماندا داخراون .بێگومان گه‌ر هه‌وڵبدرێت لێره‌وله‌وی چه‌ند که‌ناڵێک ده‌دۆزرێته‌وه که هاوکارمان بن.
ده‌نگ نه‌دانه‌وه‌و نه‌ناسینی کاره‌ساتی ئه‌نفال له‌سه‌ر ئاستی نێو ده‌وڵه‌تیشدا ده‌کری بیکه‌ین به دوو به‌شه‌وه.به‌شێکیان په‌یوه‌ندی به خودی خۆمانه‌وه هه‌یه به‌وی وه‌ک چۆن له ئاستی عه‌ره‌بیدا به‌توانا نه‌بووین به باشی کارمان بۆ نه‌کرد ،هه‌رواش له ئاسته نێو دهوڵهتیهکهشدا که‌م بزوه‌و خهمساردبووین.
له‌ئاکامی کۆڕه‌وه‌که وپاشانیش له پاش په‌یدابوونی ده‌سه‌ڵاتی خۆمان له باشووردا گۆڕانکاریه‌کی تاڕاده‌یه‌ک ئیجابی به‌سه‌ر ڕای نیوده‌وڵه‌تیدا هات ، به‌مه‌ش پانتاییه‌کی به‌رفراوان له‌به‌رده‌ستماندا درووست بوو ،وه بوارێکی باشمان بۆ ڕه‌خسا ،به‌تایبه‌تی له ئه‌وروپا که دۆست و لایه‌نگرانمان بۆ په‌یدابوون . ئه‌مڕۆ جیهانی پێشکه‌وتوو به جۆرێکی دیکه ده‌ڕوانێته کورد‌و دۆزه‌که‌ی که زۆر له ڕابردوو باشتره،لێ ئه‌مه مانای ئه‌وه نیه که ئه‌وان به هه‌موو چه‌شنێک له‌گه‌ڵ داخوازیه‌کانی ئێمه‌دان.به‌ڵام توانا‌و بوار هه‌یه به‌لای که‌مه‌وه به کارهساتهکانمانیان بناسێنین و هاو سۆزیان په‌یدا بکه‌ین. خۆگه‌ر کورد کارا بوایه ده‌توانرا مهینهییهکانی میلله‌ته‌که‌مان به گشتی و کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال به‌تایبه‌تی به ڕای گشتی جیهانی سه‌رمایه‌داریی بناسێنین و که‌سیش ده‌ستی نهگرتبووین . لێ له‌مه‌شدا شکستیمان هێناو ده‌سه‌لاتی کوردی به جددی کاری بۆنه‌کرد.
به‌شی دووه‌می هۆکاره‌کان په‌یوه‌ندی به‌و وڵاتانه‌وه هه‌یه که خاوه‌ن بڕیارن و کریگهریان له‌سه‌ر ره‌وشی ڕووداوه‌کان هه‌یه.
له‌سه‌روبه‌ندی ئۆپه‌رسیۆنه‌کانی ئه‌نفالدا دۆخی عێراق و ده‌ڤه‌ره‌که به جۆرێکی دیکه‌بوو،به‌رژه‌وه‌ندیه ئابووریه‌کان وێنه‌ی سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی وڵاته زلهێزه‌کانی ده‌کێشا له سه‌رویانه‌وه ئه‌مه‌ریکا{که‌ئێستاش هه‌روایه} ، ئه‌و وڵاتانه به چاویلکه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌یانڕوانیه ڕووداو کێشه‌کان،هه‌مووشیان چاک ده‌یانزانی له‌وده‌مه‌دا له کوردستان چی ده‌گوزه‌رێت ،لێ له‌به‌رخاتری په‌یوه‌ندیه ئابووریه‌کانیان له‌گه‌ڵ عێراقی ئه‌و ده‌مه‌دا که بازاڕێکی پڕقازانج بوو بێده‌نگیان له کاره‌ساتی ئه‌نفال هه‌ڵبژاردو ئێمه‌ش بووینه قوربانی ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه. هاوکات مه‌ترسیان له ته‌شه‌نه‌کردنی سیاسه‌تی خومه‌ینی له ده‌ڤه‌ره‌که‌دا هۆیه‌کی دیکه‌بوو له‌و بێده‌نگیه.
به‌ڵام ئێستا ڕه‌وشه‌که گۆڕاوه هه‌ڵوێستی ئه‌و وڵاتانه به‌تایبه‌تی ئه‌وروپا به‌رامبه‌ر به‌کورد تا ڕاده‌یه‌ک گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هاتووه، سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م سیاسه‌ته نوێیه‌ش دیسان به‌رژه‌وه‌ندیه ،چونکه ئه‌وان چاویان له ئایندهی کوردستانه وه‌ک بازاڕێکی باش بۆ کۆمپانیهکانایان.که‌واته ئێستا تۆپه‌که له گۆره‌پانی خۆماندایه‌و دۆخه‌که گونجاوتره بۆ ناسینی ئه‌نفال به ڕای گشتی جیهانی به‌تایبه‌تی له نێو پارته چه‌په‌کان،ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌کان، ڕێکخراوه سڤیله‌کان ..تاد.
گه‌ر تا ئێستا حکومه‌ت یا پارته‌کان یاخود ناوهندهسهلاتدارهکانی کوردستان شتێکی ئه‌وتۆیان نه‌کردبیت،له‌و بڕوایه‌دانیم له ئاینده‌شدا بتوانرێت هیج بکرێت.ئه‌مه‌ش وه‌ک پێشتر ئاماژه‌م پێدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دلسۆزی و جددیه‌تی کارکردن، که به‌داخه‌وه من به‌دی ناکه‌م وواقعیش سه‌لمانی که نایانه‌ویت به‌و ئاراسته‌یه کار بکه‌ن.
من چه‌ند نمونه‌یه‌کی زیندوم لهبهردهستدایهکه که‌مته‌رخه‌می وبێباکی ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان ده‌سه‌لمێنن له مه‌سه‌له‌ی هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفالدا.
* وڵاتی هۆڵه‌ندا که نه هاوڵاتیه‌کی به‌ر ئه‌نفال که‌وتووه‌و نه سه‌ددامیش زیانی پیگهیاندوون، بگره زۆرێک له کۆمپانیاکانیان په‌یوه‌ندی بازرگانیان له گه‌ڵ ڕژێمی سه‌ددامدا هه‌بووه، که‌ئه‌مه‌ش به سوود بۆ ئابووری وڵاته‌که‌یان گه‌راوه‌ته‌وه ، که‌چی دێن دادگایه‌ک بۆ هاوڵاتیه‌کی خۆیان سازده‌که‌ن چه‌ندین ملیۆن یۆرۆی تێدا خه‌رج ده‌که‌ن ،له هه‌ندیک وڵاتانی جیهانه‌وه شایه‌ت و به‌ڵگه نامه پهیداداکهن ، پارێزهرو دادوه‌ره‌کانیان بۆ وه‌رگرتنی قسه‌ی که‌سه په‌یوه‌ندیداره‌کان بهمهسهلهکهوه سه‌فه‌ری چه‌ندین وڵات ده‌که‌ن. پاشانیش به 17 ساڵ زیندانی سزای ده‌ده‌ن و هاوڵاتی بوونه‌که‌شی هیچ دادی نه‌دا. تاوانه‌که‌شی ئه‌وه‌بوو که چه‌کی کیمیاوی بۆ ڕژێمی سه‌ددامی له‌نێوچوو دابین کردبوو. له‌م دادگاییه گرنگردا که یه‌که‌مجاره له‌مێژوودا له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو جیهاندا دادگایه‌ک سازبکریت که ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی به‌میلله‌تی کورده‌وه هه‌بێت و تێیدا که‌سێک به‌هۆی رۆڵی له کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالدا دادگایی بکریت ،ده‌سه‌ڵاته‌که‌مان مێشێک میوانی نه‌بوو به‌وه‌ی هێچ جۆره هاوکاریه‌کی ئه‌و دادگایه‌یان نه‌کرد وه ته‌نها لایه‌نێک دڵسۆزانه هاوکاری کردن ناوه‌ندی چاک بوو. ده‌پرسم بۆ وڵاتی هۆڵه‌نده بتوانێت هاولاتیه‌کی خۆی دادگا بکات که‌وه‌ک وڵات په‌یوه‌ندی بهکارهساتهکهوه نه‌بووه به‌ڵام حکومه‌ته‌که‌مان نه‌توانێت هه‌ندیک له سه‌رۆک جاش و مسته‌شاره‌کان ئه‌وانه‌ی به‌شداری چالاکیان له ئه‌نفالدا کردووه بیان گه‌یه‌نێته داداگا؟
* یاکارو خه‌باتی ڕێکخراوی چاک له ئاستی ئه‌ورپا و هه‌نده‌ران له‌سه‌ر دۆزی ئه‌نفال که جێده‌ستی له مه‌سه‌له‌ی ئه‌نفالدا دیاره ، به‌وه‌ی توانێ کاری پڕسود بۆ ئه‌نفال بکات و له چه‌ندین ولات سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌ندامه‌کانیان واژۆی زۆرێک له په‌رله‌مانتاره‌کانی چه‌ند ولاتێکیان کۆکرده‌وه بۆ به‌جینۆساید ناساندنی ئه‌نفال ، ته‌قه‌لاکانیان بۆ دادگایی‌کردنی ئه‌و کۆمپانیایانه‌ی چه‌کی کیمیاویان به‌سه‌ددام فرۆشتبوو.ڕۆڵی چالاکیان له دادگایی فرانس ئه‌نرات و خه‌زره‌جیدا . یاخود ئه‌نجامدانی چه‌ندین کاری گرنگی تایبه‌ت به هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال ، که هه‌موویان چالاکی چلۆنایهتین و له خزمه‌تی دۆزی میلله‌ته‌که‌ماندان. پرسیار ئه‌وه‌یه بۆ ڕیکخراوێکی گچهکهی بێ ده‌رامه‌تی وه‌ک چاک بتوانیت ئه‌و هه‌موو کاره بکات، بۆ ده‌سه‌لاتێکی خاوه‌ن چه‌ندین ملیار دۆلار‌و چه‌ندین وه‌زاره‌ت و تۆڕێکی فراونی په‌یوه‌ندی جیهانی نه‌توانیت به‌وکارانه هه‌ڵبسێت که ئه‌رکی خۆیه‌تی؟
* به‌ر له هه‌ره‌سی ڕژێمی سه‌ددام یه‌کێک له پاڵه‌وانه‌کانی ئه‌نفال که نزار خه‌زره‌جیه به هیمه‌تی چه‌ند کوردێکی دڵسۆز له‌دانمارک درایه دادگا، به‌ڵام دوو زلهێزه‌که‌ی کوردستان له‌بری یارمه‌تی و هاوکاری کردنی دادگاکه هاتن پاکانه نامه‌یان بۆ دادگاناردو خه‌زره‌جیان لێ‌کردین به که‌سیکی خاوینی نیشتمانپهروهرو فریادره‌سی کورد.
له ئه‌نجامدانی تاوانێکی مه‌زنی وه‌ک ئه‌نفالدا که هه‌زاره‌ها ئه‌فسه‌ری پلهبهرزوو ڕه‌فیق حیزبی و ئه‌فسه‌ری پله‌داری دیکه‌و سه‌رۆک جاش و مسته‌شار به‌شداریان تێداکرد، که‌چی ته‌نها 7 که‌س تاوانبارکران له‌وانه‌ش سێیان به‌ر سزای مه‌رگ که‌وتن ،که تا ئێستاس له سێداره نه‌دراون و نازانرێت له سێداره‌ده‌درێن یا نا. له‌ملاوه هه‌ندیک له سه‌رکرده‌کانمان خه‌ریکی شهفاعهتن بۆ ڕزگارکردنی پاڵه‌وانیکی دیکه‌ی ئه‌نفال که سوڵتان هاشمه، ئه‌و پاڵه‌وانه‌ی له کاتی دادگایدا به‌موو له کاره‌کانی په‌شیمان نه‌بوو،هه‌ر بۆ پیرۆزی ئه‌نفالیش کچێکی خۆی ناوناوه ئه‌نفال.
جا ئه‌و نموونانه به‌شێکن له مشته خه‌رواری ده‌سه‌ڵاتی کوردی له‌مه‌ڕ دۆزی ئه‌نفال.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی ده‌شی هۆکاریێکی دیکه‌ی نه‌ناسینی ئه‌نفال له جیهاندا بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی که کورد به‌ئه‌ندازه‌ی قه‌واره‌ی خۆی نه‌ناسراوه.
ئه‌مه تاراده‌یک ڕاسته به‌ڵام فاکته‌ری سه‌ره‌کی نیه.به‌ڵکو فاکته‌ری سه‌ره‌کی گوێپێنه‌دان و بێبایه‌خی ئه‌نفاله له‌کن ده‌سه‌ڵاتی کوردی . باوه‌ڕناکه‌م نه ڕوانداو نه بۆسنیاو نه کۆسۆڤۆو نه دارفور هێنده‌ی کورد ناسراوبن ،که‌چی دادگایی نیوده‌وله‌تی بۆ تاوانبارانی هه‌ندیکیان سازده‌کریت و بڕیکیشیان به هۆی کارهساتهکانیانهوه، که له چاو ئه‌نفالدا به‌راورد ناکرین سه‌ربه‌خۆییان ده‌ستکه‌وت.
به‌ڕای من ئه‌نفال به‌سه‌ر هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه بهاتایه به‌باشترین شێوه کاری بۆ ده‌کردو ده‌یکرده سه‌رمه‌شقی سیاسه‌تی خۆی و هه‌موو تواناکانیان بۆ ته‌رخان ده‌کرد تا گه‌شتن به ده‌سکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی که له سه‌ربه‌خۆیدا خۆی ده‌بینێته‌وه .
نمونه‌یه‌کی زیندووی چله‌کانی سه‌ده‌ی رابردوو جوله‌که‌کانن که هۆلۆکۆسیان کرده هه‌وینی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیل و پێی بوون به و ده‌وڵه‌ته‌ی که ئێستا هه‌یه.
بێگومان هاوکێشهسیاسیهکانی ناوچه‌که‌ش کاریگه‌ری سه‌لبیان له ناساندنی ئه‌نفالدا هه‌یه ،به‌تایبه‌تی ئه‌و وڵاتانه‌ی کوردستانیان داگیرکردووه .ئه‌وانه هه‌رگیز له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نیه هه‌ر کاره‌ساتێکی میلله‌ته‌که‌مان له هه‌ر پارچه‌یه‌ک بیت بناسرێت و قه‌باره‌ی خۆی وه‌ربگریت،بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هاوکاری یه‌کتریان کردووه‌و ده‌یکه‌ن ، نمونه‌ش له‌وباره‌وه زۆره به‌ڵام لێره‌دا بواری باسکردنایان نیه.ئه‌و ڕژێمانه به‌رده‌وام هه‌وڵه‌ده‌ن کاره‌کانیان دژ به میلله‌ته‌که‌مان به نهێنی ئه‌نجام بده‌ن .چونکه چونه ده‌ره‌وه‌ی و بڵاو بوونه‌وه‌ی یانی ڕسوابوونیان و هاوکات گه‌ڕانه‌وه‌ی له هه‌ندیک حاڵه‌تدا به‌ده‌سکه‌وت بۆ خۆمان ،جا ئه‌وان له‌و خاڵه ده‌ترسن بۆیه تا بۆیان بکرێت هه‌وڵه‌ده‌ن کاره‌ساته‌کانمان به‌نهێنی بمێننه‌وه‌و له ده‌ره‌وه نه‌ناسرێن.
چۆن بتوانین لۆلهبێکی تایبه‌ت به‌پرسی ئه‌نفال له هه‌نده‌ران درووست بکه‌ین؟،ئه‌وه‌ش دیسان ده‌چێته خانه‌ی به‌رنامه‌ی حکومه‌تی کوردستانه‌وه.درووست‌کردنی لۆلهب هێنده ئاسان نیه، به‌رله‌هه‌مووشت زه‌مینه‌خۆشکردنی گه‌ره‌که کاروماندووبوونی به‌رده‌وامی ده‌وێت، به‌ڵام گه‌ر هه‌وڵبدریت توانا هه‌یه‌و له هه‌ندێک وڵاتیش دۆخه‌که تاڕاده‌یه‌ک له‌باره ، به‌ڵام وه‌ک ئاماژه‌م پێدا کاری جددی گه‌ره‌که .ئه‌و کۆمه‌ڵه‌و ڕیکخراو سه‌نته‌رانه‌ی له هه‌نده‌ران هه‌ن تا ردهیهک هه‌وڵه‌کانیان سه‌رکه‌وتووبوو بۆ درووست‌کردنی یا به‌رهه‌م هێنانی که‌سانی پشتیوان و هاوکارو لایه‌نگر به دۆزی ئه‌نفال ،به‌تایبه‌تی ناوه‌ندی چاک که هه‌وڵه‌کانی له چه‌ندین ولات سه‌ری گرتووه ،به‌لام ده‌بێ ڕاشکاوبین که ئه‌و هه‌وڵانه تا ئێستا نه خه‌مڵاون به جۆرێک ببێته په‌یدابوونی لۆلهب، که هیوادارم له ئاینده‌دا ئه‌و کاره ئه‌نجام بدریت و له ڕیگه‌یه‌وه نه‌ک ته‌نها خزمه‌تی دۆزی ئه‌نفالی پێبکرێت به‌ڵکو سه‌رجه‌م کێشه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان.
دواشت گه‌ره‌کمه ئاماژه‌ی پێبده‌م ئهوپێداویستی و مهتریالانهیه که بۆ ناسینی کاره‌ساتی ئه‌نفال زۆر گرنگن.گه‌ر بمانه‌وێ ئه‌نفال به حیزبێک ، ناوه‌ندێک ،حکومه‌تێک یا په‌رله‌مانتارانی وڵاتێک بناسێنین ،ئه‌وه به‌س نیه بڵین 182 هه‌زار که‌سمان تێدا چوو یا چه‌ند ههزارگووندمان خاپور بوو. له‌وانیه ئه‌م زانیاریه ساده‌و زاره‌کیانه بۆخۆمان و که‌سانی نزیکمان که‌ڵک بخوات و وه‌ربگرن ،لێ ده‌مێک باس له وڵاتانی پێشکه‌وتووه ئه‌و ده‌مه ده‌بیت به داتا‌و زانیاری ووردو دۆکۆمهنتی باوه‌ڕپێکراو پشتڕاست باس بکرێت . ئه‌وه‌ی جێی داخه پاش تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و کاره‌ساته‌دا تائێستاس ناوه‌ندێکی فه‌رمی باوه‌ڕپێکراومان نیه که تایبه‌ت بێت به‌کۆکردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م زانیاریه‌کان سه‌باره‌ت به ئه‌نفال تا له‌کاتی پێویستدا نه‌ترسین و به‌کاریان بهێنین.ڕاسته له زۆرێک له باژێڕه‌کانی کوردستان سه‌نته‌ری ئه‌نفال هه‌ن و کاری چاکیشیان ئه‌نجام داوه و زانیاری گرنگیشیان کۆکردوه‌ته‌وه. هاوکات چه‌ندین رێکخراو و ناوه‌ند و که‌سایه‌تی ئهکادیمێش لهناوهوو هه‌نده‌ران کاریان بۆ به دۆکۆمهنت کردنی ئه‌نفال کردووه ،لێ به‌داخه‌وه هه‌وڵه‌کان پچڕپچڕو دوور له یه‌کن و تا ئێستاش له ناوه‌ندێکی یه‌کگرتوودا ئه‌و زانیاریانهکۆنهکراونهتهوه که به‌رای من کارێکی زۆر پێویسته‌و ئه‌رکی حکومه‌ت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفاله .گه‌ر کارێکی وا بکریت ئه‌وده‌مه ده‌توانریت به شێوازێکی ڕاست و درووست و ئه‌کادیمی ئه‌نفال به و شیوه‌ی ڕوویداوه به نێوه‌نده جیهانیهکان بناسێنین.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق