به‌شی دووه‌م
سنوری په‌لاماره‌كانی ئه‌نفالی هه‌شت (ئه‌نفالی بادینان)، بریتی بوو له شاری دهۆك، زاخۆ، باتوفه، كانی ماسی، زێوه، دیره‌لوك، ئه‌تروش‌و زاویته. كه له‌م قۆڵانه‌وه په‌لاماره‌كانی ئه‌نفالی هه‌شتی ئه‌نجامدا: -له‌زاخۆوه به‌ره‌و گلناسكێ‌و چیای بێخێر.-له‌زاخۆوه به‌ره‌و حه‌وزی خاپور .-له‌كانی ماسییه‌وه به‌ره‌و زیوه، شكاڤ ئامێدی‌و ره‌شاوه. -له‌شكۆفه‌وه به‌ره‌و یه‌كماڵه بامه‌رنی چیای مه‌تین .-له‌باڵینده‌وه به‌ره‌و شه‌مدینان، بیبوو و ئارتیش.-له‌شێروان مه‌زنه‌وه به‌ره‌و حه‌وزی بارزان .-له‌باتوفه‌وه به‌ره‌و مانگێش‌و زاویته.- له‌دینارتێوه به‌ره‌و بله‌و بارزان. -له‌سه‌رسه‌نگه‌وه به‌ره‌و مه‌رگه‌تی‌و چیای گارا.-له‌ئه‌تروشه‌وه به‌ره‌و سێده‌ره.-له‌سواره‌توكه‌وه به‌ره‌و ئه‌سپێندارو ئاتوش.سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی بادینان پڕیه‌تی له‌سه‌خترین چیاكانی كوردستان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌تی عێراقی توانی به‌ئاسانی ئه‌و ناوچانه ئه‌نفال بكات‌وخه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌ستگیر بكات. له‌م ناوچانه پێشمه‌رگه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان رێگایان له‌و خه‌ڵكه گرت كه به‌نیاز بوون پێش ئه‌نفال به‌ره‌و شار‌و شارۆچكه‌كان بڕۆن. هه‌روه‌ها پێشمه‌رگه‌كانی ئه‌و ناوچانه به‌ڵێنیان پێدابوون كه به‌رگری ده‌كه‌ن‌و ژیانیان ده‌پارێزن.له به‌ره‌به‌یانی رۆژی 28/8/1988 به‌پاڵپشتی ده‌یان هه‌زار جاش‌و له‌چه‌ندین قۆڵه‌وه، په‌لاماری گوند‌و چیا‌و ده‌شت‌و دۆڵه‌كانی ناوچه‌ی بادینانیاندا، كه له‌م هێرشه‌دا هێزی حكومه‌تی به‌عس بریتی بوو له 38 لیوای پیاده‌و دوو لیوای زریپۆش‌و سێ كه‌تیبه‌ی تۆپ‌و سه‌دو حه‌فتاو یه‌ك 171 فه‌وجی جاش كه سه‌ر به‌فه‌رمانده‌ی جه‌حافلی دیفاعی وه‌ته‌نی پێنج بوون.حكومه‌تی عێراقی له‌ئه‌نفالی هه‌شتدا، كیمیابارانێكی خه‌ستی گونده‌كانی ناوچه‌ی بێگۆڤه‌و گونده‌كانی كانی ماسی‌و بالوكه‌و باوه‌ركه گڤری‌و مێرگێتی‌و گیزێ گێلناسكێ بیرجینی بیلیجانه‌و تێلاكرۆ روسێ‌و زێوێ ده‌ستی پێكرد. ئه‌م په‌لاماره كیمیاوییه، هێنده به‌ربڵاوبوو كه ته‌واوی ناوچه‌كانی بادینانی گرته‌وه. ئه‌مه‌ش ترس‌و خورپه‌یه‌كی زۆری خسته دڵی گوندنشینه‌كانی بادینانه‌وه‌و خه‌ڵكێكی زۆری لێكوشتن. لێره‌دا پێویسته ئه‌وه بڵێین كه كیمیابارانی ناوچه‌كانی بادینان، به‌سه بۆئه‌وه‌ی حكومه‌تی به‌عس به‌درۆبخرێته‌وه كه گوایه كیمیایی له‌سه‌ر سنوره‌كانی ئێران به‌كارهێناوه به‌مه‌به‌ستی به‌رگریكردن له سوپای ئێران، ئه‌و ناوچانه‌ی كیمیاباران كران، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سنوریان به‌سنوری ئێرانه‌وه نه‌بوو.ژنێكی گوندی بابه‌خكی ده‌ڵێت «ئێمه ده‌مانزانی كه‌گونده‌كه‌مان بۆردومان ده‌كرێت، بۆیه پێش ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هێرش به‌ریته سه‌ر گونده‌كه‌مان، خۆمان كۆكرده‌وه‌و له‌ترسا دێكه‌مان چۆڵكرد تا گه‌یشتینه گوندی باجلێ، كه چووین ته‌یاره قه‌سفی گونده‌كه‌ی كردبوو به‌گازی كیمیایی، 13پێشمه‌رگه به‌گازی كیمیایی شه‌هید بووبوون. ئێمه كه زانیمان به‌گازی كیمیایی بۆردومان كراوه، یه‌كسه‌ر په‌ڕۆمان ته‌ڕكردو خستمانه سه‌رمان. له گونده‌كه ماینه‌وه‌و نه‌مانئه‌وێرا بڕۆین، چونكه ئاو نه‌بوو له رێگا په‌ڕۆكانی پێته‌ڕبكه‌ین».ژنێكی دی گوندی وه‌رمێ ده‌ڵێت «له‌به‌ر ده‌رگا دانیشتبووم خه‌ریكی كوڵاندنی شیربووم، هێشتا سه‌حه‌ر بوو كه چوار ته‌یاره‌ی حكومه‌ت به‌سه‌ر ئاسمانی وه‌رمێ ده‌سوڕایه‌وه. ته‌یا‌ره‌یه‌كیان قومبه‌له‌یه‌كی نا به‌ناو دێیه‌كه‌مانه‌وه، كاتێك قومبه‌له‌كه ته‌قی كه ره‌نگی زه‌رد بوو، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد بۆنه‌كه‌ی بڵاوبوه‌وه. بۆنێكی ناخۆش بوو، بۆنی غازی چێشتلێنانی لێده‌هات. من رامكرده ژوره‌وه‌و به‌په‌له منداڵه‌كانم خه‌به‌ر كرده‌وه، كه هێشتا خه‌وتبوون. ئه‌وكات من پێنج كچ‌و پێنج كوڕم هه‌بوو، هه‌رهه‌موومان به‌په‌له رامانكرد به‌ره‌و چیای وه‌رمێ. ئه‌وه‌نده‌ی نه‌برد پێستمان‌و به‌تایبه‌تی چاومان، ده‌ستی كرد به‌برژانه‌وه له‌كاریگه‌ری كیمیاییه‌كه چاومان سوربوو، لوتیشمان ئاوی پیاده‌هاته خواره‌وه، له‌كاتی راكردنمان به‌ره‌و چیای وه‌رمێ، به‌چاوی خۆم بینیم كه كیمیاییه‌كه ئاژه‌ڵ‌و حه‌یوانه‌كانی كوشتبوو. پاش كه‌مێك منداڵێكم بینی، ته‌ماشام كرد شڤانی گونده‌كه‌ی خۆمان بوو مردبوو. ئه‌و ره‌نگی تێكچووبوو شین هه‌ڵگه‌رابوو. نازانم چ رۆژێك بوو، به‌ڵام ده‌ڵێن له‌مانگی 8/1988 بووه.هێزه‌كانی حكومه‌ت زۆر به‌زوویی پیشڕه‌وییان كرد‌و له‌ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا، توانییان هه‌موو گونده‌كانی ناوچه‌كه داگیربكه‌ن. له‌ڕاپۆرتێكی فه‌یله‌قی پێنج، ده‌رباره‌ی دوا ئه‌نفال (ئه‌نفالی هه‌شت) هاتووه كه له رۆژی 30/8/1988 هێزه‌كانی سوپای عێراقی‌و جاشه‌كان توانیویانه ته‌واوی باره‌گاكانی هێزی پێشمه‌رگه‌و هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كانیان داگیربكه‌ن‌و هێزی راوورووت‌و وێرانكارییه‌كان كه‌وتنه تاڵانكردن‌و وێرانكردنیان، به‌ڵام هێزه‌كانی عێراق تارۆژی 3/9/1988 له سوتان‌و وێرانكردنی گونده‌كان نه‌بوونه‌وه. چه‌ند شه‌ڕێك له‌نێوان حكومه‌تی عێراق‌و پێشمه‌رگه رویاندا.هه‌زاران كه‌س له گوندنشینه‌كانی بادینان، له‌ئه‌نفالی هه‌شتدا كه‌وتنه ده‌ستی هێزه‌كانی حكومه‌تی عێراقی‌و زۆربه‌ی ئه‌و گیراوانه دواتر بێسه‌روشوین كران.خه‌ڵكی بادینان له‌م شاڵاوه‌دا بوون به‌سێ به‌شه‌وه، هه‌ندێكیان هه‌ر له‌نزیك دێیه‌كه‌ی خۆیان ده‌ستبه‌سه‌ر كران، هه‌ندێكی دیان له‌ئه‌شكه‌وت‌و دۆڵه‌كاندا ده‌ستگیركران‌و ئه‌وانه‌ی دیان له‌ڕێگه‌ی توركیا‌و ئێران ده‌ستگیركران.ژنێكی خه‌ڵكی گوندی كانی مازی ده‌ڵێت «به‌یانییه‌كی زووی مانگی 8/1988 جه‌یش‌و جاش به‌قواتێكی زۆر هێرشیان كرده سه‌ر گونده‌كه‌مان، به‌هاوكاری جاشه‌كانی محه‌مه‌د ئاغا، هه‌رچۆنێك بوو توانیمان سه‌ڵته خێزانی ده‌رچین به‌ره‌و ئێران. له‌ڕێگه هه‌ر چوارده‌ورمان لێ‌گیراو هیچ مه‌جالێكمان نه‌ما، هه‌رچه‌نده پیاوه‌كانمان چه‌كیان پێ‌بوو، به‌ڵام نه‌یانوێرا ته‌قه‌بكه‌ن، له‌به‌ر ژن‌و منداڵه‌كان.له درێژه‌ی قسه‌كانیدا وتی «جه‌یشه‌كه لێمان نزیك بوونه‌وه‌و پیاوه‌كانیان چه‌ككردین‌و هه‌رچیه‌كمان هه‌بوو له ئاڵتون‌و پاره، هه‌موویان برد. ته‌نانه‌ت گواره‌ی گوێی منداڵه‌كانیشیان لێكرده‌وه». هه‌روه‌ها ژنێكی گوندی سپیندار وتی «ئێمه پێش ئه‌وه‌ی گونده‌كه‌مان ئه‌نفال بكرێت، هه‌واڵمان زانی، هه‌رچۆنێك بوو سه‌ڵته‌خێزانی رامان كرد، هه‌رچی ماڵ‌و موڵكمان هه‌بوو له‌تاو گیانی خۆمان به‌جێمان هێشت، سه‌ری خۆمان هه‌ڵگرت به‌ره‌و توركیا، له‌ڕێگا ئه‌وه‌نده خه‌ڵك رایكردبوو، ده‌تووت رۆژی حه‌شره. بڕوا بكه منداڵ له‌برسا ده‌مرد‌و پیاوه پیر‌و په‌ككه‌وته‌كان ده‌كه‌وتن‌و به‌جێمان ده‌هێشتن، ئێمه وتمان هه‌رچۆنێك بێت بگه‌ینه وڵاتی توركیا‌و ده‌ربازبین له‌ده‌ستی رژێمی به‌عس، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكومه‌تی دڕنده‌ی به‌عس پێشی لێگرتین‌و ئه‌و رێگه‌یه‌شی لێقه‌ده‌غه كردین».ئه‌و درێژه‌ی به‌قسه‌كانیداو وتی «هه‌رچه‌نده ژماره‌یه‌كی زۆر توانییان بچنه توركیا‌و رزگاریان بێت، به‌ڵام ئێمه‌یان سه‌ر له‌ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ گرت‌و سواری زیلیان كردین‌و به‌ره‌و ئامێدی بردیانین».ئه‌م خه‌ڵكانه زۆربه‌یان خه‌ڵكی گونده‌كانی بادینان بوون‌و ژماره‌یان له‌نێوان 65000بۆ 80000 كه‌س ده‌بوو. به‌شێك له‌وانه په‌یتا په‌یتا خۆیان گه‌یانده وڵاتی ئێران، به‌شی سێیه‌می خه‌ڵكه‌كه له‌سه‌ر چیا به‌رزه‌كان‌و دۆڵ‌و ئه‌شكه‌وته‌كاندا خۆیان شارده‌وه تا لێبوردنه گشتیه‌كه مانه‌وه‌و پاشان خۆیان ته‌سلیم كردوو سودیان له‌و لێبووردنه بینی.به‌شی یه‌كه‌می خه‌ڵكه‌كه، كه له‌دێ‌و نزیك دێكه‌ی خۆیان گیرابوون، به هه‌مان رێوشوێنی گیراوه‌كانی تری ناوچه‌ی سۆران رۆیشتن. دیاره كه هه‌مان ته‌وجیهات له‌لایه‌ن بیرۆكه‌ی رێكخستنی باكوری حیزبی به‌عس‌و عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جیده‌وه بۆ لێپرسراوه حكومییه‌كانی پارێزگای دهۆك‌و موسڵیش چووبوو.ئه‌وانه‌ی له‌ئه‌نفالی هه‌شتدا گیران، نێردرانه دائیره‌ی ئه‌منی شاره‌كانی سه‌رسه‌نگ، زاخۆ، هێزاوه، بێرسڤی. دیاره دائیره‌ی ئه‌من لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موویان كرد‌و دوای ناونووسكردنیان، ره‌وانه‌ی سه‌ربازگه‌ی نزاركێی نزیك شاری دهۆكیان كردن.سه‌ربازگه‌ی نزاركێ له‌ناوچه‌ی بادینان، وه‌ك سه‌ربازگه‌ی تۆپزاوای نزیك شاری كه‌ركوك وابوو، واته ئه‌وێ سه‌نته‌ری كۆكردنه‌وه‌ی گیراوه‌كانی هه‌موو قۆڵه‌كانی ئه‌نفالی هه‌شت بوو. له‌سه‌ربازگه‌ی نزاركی هه‌موو گیراوه‌كان جارێكی دی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كراو پاشان ژن‌و منداڵیان له‌پیاوان جیاده‌كرده‌وه‌و هه‌رله‌وێدا زۆربه‌یانی به به‌رچاوی خێزانه‌كانیانه‌وه ئازار‌و ئه‌شكه‌نجه ده‌دان‌و ده‌یان كوشتن. پیاوه‌كان‌و ئه‌و منداڵانه‌شی ده‌گرته‌وه كه له‌خوار ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا بوون. ژن‌و منداڵه‌كانیان له‌قاتی سه‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه به‌ند دهكردو پیاوه‌كانیشیان له‌قاتی خواره‌وه. دیاره حكومه‌تی به‌عس ئه‌وه‌نده په‌له‌ی بوو له قڕكردنی پیاوه‌كان، بۆیه بیری له‌وه كردبوه‌وه كه پیاوه‌كان له‌قاتی خواره‌وه‌بن‌و به‌ئاسانی به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م بتوانێت پلانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات.ژنێكی گوندی پاسێ ده‌ڵێ «له رۆژی 25/8/1988 كه حكومه‌ت ده‌ستی كرد به روخانی گونده‌كان، ئێمه به‌دوو سێ رۆژ پێش روخاندنی گونده‌كه‌مان، خۆمان كۆكرده‌وه‌و رامانكرده ئه‌شكه‌وته‌كانه‌وه. له‌و ماوه‌یه‌دا قه‌سف ده‌ستی پێكرد، ئێمه زۆر ده‌ترساین. ئه‌وه بوو پێشمه‌رگه هه‌واڵی بۆ هێناین كه گونده‌كه‌مان كیمیایی به‌سه‌ردا كراوه‌و ماڵه‌كانیان روخاندوین. ئه‌وان وتیان ده‌بێت ئێره‌ش به‌جێهێڵین. ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ش ورده ورده به‌پێ به‌ڕێكه‌وتین تا كه‌وتینه ناو كه‌مینێكی جاش‌و عه‌سكه‌رییه‌وه‌و هه‌موومانیان گرت‌و چه‌كیان له‌سه‌ر راگرتین. ئیتر قیژه‌ی منداڵ‌و هاواری ژن ده‌گه‌یشته كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك، رۆژێكی زۆر ترسناك بوو. هه‌ندێكیان به‌شه‌ق‌و قۆناغه تفه‌نگ لێیان ده‌داین، دواتر هه‌موومانیان سواری زیلی عه‌سكه‌ری كرد‌و بردیانین بۆ قه‌ڵای نزاركێ. ئێمه‌یان كرده ناو قاعه‌یه‌كه‌وه پڕ بوو له‌ژن‌و منداڵ، كه‌خه‌ڵكی گونده‌كانی تر بوون. جێگا نه‌بوو رابكشێیت هه‌ر له‌ناو قاعه‌كه‌دا پیساییمان ده‌كرد.له قه‌ڵای نزاركێ به به‌رچاوی ئێمه‌وه، له‌پیاوه‌كانیان ده‌داین به‌دارو به‌كێبڵ‌و به‌شه‌ق‌و به‌پێله‌قه. جاری واهه‌بوو قژیان ده‌گرتن‌و ده‌یاندا به‌دیواردا‌و خوێن فیچقه‌ی ده‌كرد.دیاره حكومه‌تی عێراقی له‌م قه‌ڵایه‌دا دڕنده‌ترین شێوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانی به‌كارده‌هێناو به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌پیاوه‌كان زۆربه‌یانی هه‌رله‌وێدا ده‌كوشتن، شێوه‌ی كوشتنه‌كان به‌چه‌ند جۆرێك ئه‌نجام ده‌درا، هه‌ر له ره‌می كردن‌و كوشتن به‌ئه‌شكه‌نجه‌و سوتاندن تا ده‌گه‌یشته ئه‌وه‌ی به‌بلۆك ده‌یانی كوشتن. ئه‌م شێوه كوشتنانه بۆ سه‌ربازه‌كانی به‌عس شتێكی تازه نه‌بوو، هه‌ندێكیان واراهێنرابوون كه كه‌یف‌و خۆشییان ده‌هات به ئه‌شكه‌نجه‌و كوشتنی خه‌ڵكی بێ‌تاوان. ئه‌وان جگه له شه‌ڕی عێراق- ئێران كه قوتابخانه‌یه‌كی له‌باربوو بۆ دروستكردنی سه‌ربازی دڵڕه‌ق‌و جه‌لاد، حه‌وت پرۆسه‌ی ئه‌نفالیش ئه‌زمونێكی تربوو بۆ ئه‌م سه‌ربازانه. بۆیه پرۆسه‌ی له‌ناوبردن، كارێكی ئاسان بوو بۆیان. ژنێكی پیری گوندی وه‌رمێ ده‌ڵێ «كاتێك كه گونده‌كه‌مانیان به كیمیایی بۆردومان كرد، به‌په‌له‌و له ترسا به‌ره‌و شاخه‌كان رامان كرد، به‌ڵام حكومه‌ت توانی هه‌موومان بگرێت‌و به ئه‌شكه‌نجه‌دان سواری زیلیان كردین‌و به‌ره‌و قه‌ڵای نزاركێ، له‌وێ ئێمه‌یان كرده قاتی سه‌ره‌وه‌ی قه‌ڵاكه، كه گریان‌و زریكه‌ی منداڵ ئه‌وه‌نده‌ی تر وه‌زعه‌كه‌ی ترسناك كردبوو. پاش كه‌مێك سه‌ربازه‌كان هاتنه ژوره‌وه‌و به‌دارو حه‌یزه‌ران كه‌وتنه ناومان، هه‌موومانیان ئه‌شكه‌نجه‌دا. بۆ رۆژی دوایی لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پیاوه‌كاندا دهكردو من به‌چاوی خۆم بینیم كه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ خوشكه‌زاكه‌م ده‌كرد، هه‌تا توانییان به‌دار لێیانداو پاشان كه‌وت به‌زه‌ویدا، له‌وكاته‌دا یه‌كێك له سه‌ربازه‌كان بلۆكێكی هێناو كێشای به‌سه‌ریداو سه‌ری ته‌قاند. من له‌ترسدا خه‌ریك بوو له‌هۆش خۆم ده‌چووم، به‌ڵام ئه‌وان به‌پانكردنه‌وه‌ی سه‌ری خوشكه‌زاكه‌م وازیان نه‌هێنا، به‌ڵكو دوای مردنیشی زۆر به‌توڕه‌یی به‌دارو به‌ئاسن ده‌یانكێشا به جه‌سته مردووه‌كه‌یدا.. نازانم بۆ؟».ئافره‌تێكی گوندی گیزی ده‌ڵێت «ئێمه گونده‌كه‌مان دووربوو له جاده‌ی ره‌ئیسیه‌وه، ده‌بوو به وڵاخ هاتوچۆ بكه‌ین، حكومه‌تی به‌عس به به‌رده‌وامی بۆردومانی دێیه‌كه‌مانی ده‌كرد تا به‌رواری 8/1988 ئه‌وه‌بوو حكومه‌ت هێرشی كرده سه‌ر گونده‌كه‌مان‌و ئێمه‌ش سه‌ڵته‌خێزانی رامان كرد بۆ چیای گارا. ماوه‌ی 11رۆژ له‌و چیایه‌دا ماینه‌وه تا خواردنمان به‌ته‌واوه‌تی لێبڕاو ناچار خۆمان ته‌سلیمی حكومه‌ت كرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌كه سه‌خت بوو، هه‌ر به‌پێ بردیانین به‌ره‌و ئامێدی‌و له‌وێوه سواری زیلیان كردین‌و به‌ره‌و قه‌ڵای نزاركێ بردیانین. له‌وێ پیاوه‌كانیان جیاكرده‌وه‌و به به‌رچاومانه‌وه لێیان ده‌دا. ئه‌وه‌ی كه قه‌ت له‌به‌رچاوم ون نابێت، ئه‌وه‌بوو باوكم‌و دوو براكه‌میان ئه‌شكه‌نجه‌ده‌دا، براكانم موویان لێنه‌هاتبوو به سۆنده‌و به‌كێبڵ لێیان ده‌داو باوكمیان له‌به‌رچاوی خۆم ئه‌شكه‌نجه‌داو ریش‌و سمێڵیان سوتاندو سه‌ریان به قۆناغه تفه‌نگ شكاند، پاشان خۆڵیان ده‌كرد به‌سه‌ریداو پێده‌كه‌نین‌و ده‌یانووت ئه‌وه ده‌رمانه‌كه‌یتی ئه‌گه‌ر به‌دڵتان نییه با مه‌سعود بارزانی ده‌رمانتان بۆ بهێنێت».هه‌ركه‌سێك له سه‌رده‌می رژێمی به‌عسدا ده‌بوو به به‌عسی، ئیدی ده‌یزانی ئه‌و توانایه‌كی ره‌های هه‌یه له سێكس كردن‌و كوشتن، به‌عسیبوون واته ئازادبوون له‌هه‌ر مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سی قوربانیدا. كه‌سی به‌عسی به‌تایبه‌تی سه‌ربازو ئه‌من‌و ئیستیخباراته‌كان سانسۆری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و یاساییان له‌سه‌ر نه‌بوو، وه‌ك هاوڵاتیانی دیكه له‌ئه‌نجامدانی كوشتن‌و سێكس كردن. دیاره قه‌ڵای نزاركێ هه‌مان ئه‌و گۆڕه‌پانه‌بوو كه به‌عسییه‌كان ده‌ستكراوه بوون له ئه‌نجامدانی هه‌ر ره‌فتارێك ده‌یانكرد. حكومه‌تی عێراقی ئازادیی ته‌واوی دابووه سه‌ربازه‌كان كه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك خۆیان ده‌یانه‌وێ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ گیراوه‌كاندا بكه‌ن، ئه‌وان ئازادبوون له‌شێوه‌ی كوشتن، شێوه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و شێوه‌ی سێكسكردن، خوێنی گیراوه‌كان به‌ته‌واوه‌تی حه‌ڵاڵكرابوو بۆیان. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئازادبوون له‌وه‌ی به‌چ جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. دیاره هه‌روه‌ك چۆن حكومه‌تی عێراقی له دائیره‌كانی ئه‌من‌و ئیستخبارات، پیاوه‌كانی ئازادكردبوو له‌وه‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی بكه‌نه سه‌ر به‌ندییه‌كان، چ پیاو چ ژن، لێره‌شداو له‌م قه‌ڵایه‌شدا سه‌ربازه‌كان ئه‌وپه‌ڕی ئازادییان هه‌بوو له‌وه‌ی به ئاره‌زووی خۆیان ده‌ستدرێژی سێكسی بكه‌نه سه‌ر ئافره‌ته‌كان.سه‌ربازه‌كانی قه‌ڵای نزاركێ، زۆر ئازادانه په‌لاماری ژنه‌كانیان ده‌داو زۆرجار هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا ئه‌م ده‌ستدرێژییه‌یان ده‌كرد، یان ده‌یان بردنه خواره‌وه‌ی قه‌ڵاكه‌و له‌وێ كاره‌كه‌یان ئه‌نجامده‌دا.ژنێكی گوندی وارمێلی ده‌ڵێت «پاش ئه‌وه‌ی به به‌رچاومانه‌وه له‌مێردو كوڕه‌كانیان ده‌داین، چه‌ند سه‌ربازێك ده‌هاتن‌و ده‌كه‌وتنه ناومانه‌وه. سه‌ره‌تا چه‌ند ژنێكی جوانیان برد‌و ماوه‌ی چه‌ند سه‌عاتێكی پێچوو هێنایاننه‌وه. ژنه‌كان ده‌گریان، چونكه ده‌ستدرێژییان كردبووه سه‌ریان. ئێمه تا سێ رۆژ له‌و حه‌وشه‌یه‌دا ماینه‌وه، به‌رده‌وام لێیان ده‌داین. له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ند ژنێك گیانیان له‌ده‌ستداو ته‌رمه‌كانیان بردن‌و نه‌مانزانی بۆ كوێیان بردن. له‌و سێ رۆژه‌دا سه‌ربازه‌كان كه ده‌هاتن، به‌ئاره‌زوی خۆیان ئافره‌ته جوانه‌كانیان ده‌برد، به‌تایبه‌تی ژنێكمان تێدا بوو زۆر جوان بوو، هه‌ر سێ رۆژه‌كه بردیان‌و دوای چه‌ند سه‌عاتێك ده‌یان هێنانه‌وه.ژنێكی گوندی گیزێ ده‌ڵێت «ئه‌وكاته‌ی له‌قه‌ڵای نزاركێ بووین، من تازه هه‌ڵده‌چووم‌و زۆر جوانبووم، سه‌ربازه‌كان زوو زوو ده‌هاتنه ناو قاعه‌كانه‌وه‌و ئه‌و كچه‌ی جوان بوایه، ده‌یان بردن. من‌و خوشكه‌كه‌م زۆر ده‌ترساین ئێمه‌ش به‌رن، خۆمان ده‌كرده ژێر جله‌كانی دایكمه‌وه. زۆرجار هه‌ر به‌به‌رچاومانه‌وه په‌لاماری ئافره‌ته‌كانیان ده‌داو به‌قۆناغه تفه‌نگ و به‌زۆر ده‌یان بردن. قه‌د بیرم ناچێته‌وه په‌لاماری كچێكی جوانیانداو ئه‌ویش ده‌ستێكی به‌ده‌ستی دایكیه‌وه بوو، ده‌سته‌كه‌ی تری به‌ده‌ستی سه‌ربازێكه‌وه بوو، هاواری ده‌كرد دایه‌گیان فریامكه‌وه مه‌هێڵه بمبه‌ن. دایكیشی ده‌گریاو ده‌یگوت كچه‌كه‌م ئاخر چیبكه‌م چیم پێده‌كرێت. دواجار سه‌ربازه‌كه گه‌ڕایه‌وه‌و قۆناغه تفه‌نگێكی كێشا به‌سه‌ری دایكی كچه‌كه‌داو پاشان كچه‌كه‌ی برد‌و ئیتر دوای ئه‌وه نه‌مان بینییه‌وه». .زۆر جار ئه‌م ته‌عه‌داكردنه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر دڕندانه ده‌كراو به‌چه‌ند كه‌سێكه‌وه په‌لاماری یه‌ك ئافره‌تیان ده‌دا. ئه‌وان وه‌ك ئاهه‌نگێك ته‌ماشای ئه‌م پرۆسه‌یه‌یان ده‌كرد، سه‌ربازه‌كان ئه‌وه‌نده سه‌ربه‌ست بوون له‌مامه‌ڵه‌كردنیاندا له‌گه‌ڵ به‌ندییه‌كان تا ئه‌و راده‌یه‌ی كه گوێیان له‌وه نه‌بوو كه‌سی به‌ندكراو چی لێبه‌سه‌ردێت یان ئه‌و ره‌فتاره‌ی ده‌یكه‌ن به‌رامبه‌ر به‌ندییه‌كان، چ ده‌رئه‌نجامێكی لێده‌كه‌وێته‌وه، گرنگ ئه‌وه‌یه سه‌ربازه‌كان، پیاوه‌كانی به‌عس به‌چ جۆرێك ئاسوده ده‌بن. بۆیه سه‌ربازه‌كان زۆر ده‌ستكراوه بوون له سێكسكردن له‌گه‌ڵ قوربانییه‌كاندا، ئه‌وان هه‌میشه ته‌ماعیان له‌و ئافره‌تانه بوو كه شویان نه‌كردبوو. وه‌ك باسمان كرد ئه‌نفال به‌دیوی به‌عسدا، بریتیه له‌ئاهه‌نگ نه‌ك جه‌نگ، ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی سیسته‌مێكه له‌غرورترین رۆژه‌كانی خۆی. بۆیه سه‌ربازه‌كان ئه‌و كچانه‌یان ده‌برد كه هێشتا ده‌ستیان بۆ نه‌برابوو، بۆ ئه‌وه‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌یان یه‌كسانبێت به ئاهه‌نگی شه‌وی زاوایه‌تی.ژنێك ده‌ڵێت «سه‌ربازه‌كان شه‌وانه دره‌نگ ده‌هاتنه ناو قاعه‌كان، ئه‌و كچه‌ی زۆر جوان بوایه، به‌زۆر ده‌ریان ده‌كرده ده‌ره‌وه‌ی قاعه‌كان‌و ته‌عه‌دایان لێده‌كردن به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك، خۆم به‌چاوی خۆم له‌په‌نجه‌ره‌یه‌كی گه‌وره‌ی قاعه‌كه، كه ئه‌یڕوانییه پشت قاعه‌كه‌ی ئێمه، بینیم كه چۆن ته‌عه‌دایان له‌و كچانه ده‌كرد. جارێكیان به‌چاوی خۆم بینیم، هه‌ر له‌و په‌نجه‌ره‌یه‌وه، پێنج عه‌سكه‌ر ته‌عه‌دایان به‌زۆر له‌كچێك كرد، به‌زۆر كراسه‌كه‌یان له‌به‌ری دڕی. ئه‌ویش هاواری دهكردو ده‌یقیژاند، هه‌موو له‌شی كه‌وته ده‌ره‌وه، به‌زۆر پاڵیان خست‌و ئیشی خۆیان له‌گه‌ڵ كرد. به‌ڕاستی كه ئه‌وه‌م بینی مردنم بۆ خۆم ئه‌خواست. ته‌نانه‌ت شه‌وێكیان ویستیان من به‌رن، به‌ڵام منداڵه‌كانم له‌ده‌ورم بوون، منداڵه كۆرپه‌كه‌شم له‌باوه‌شمدا بوو، ده‌ستیان كرد به‌گریان‌و توند منیان گرتبوو. ئیتر سه‌ربازه‌كان وازیان لێهێنام.ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه له‌وێ بووین، شه‌وانه كچیان له قاعه‌كان ده‌رده‌كرد، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه شویان نه‌كردبوو، پاش ماوه‌یه‌ك به‌گریان‌و هاوار هاوار ئه‌یانهێنانه‌وه بۆ قاعه‌كان بۆ لای ئێمه، هه‌موویان ناو له‌ش‌و جله‌كانیان خوێن بوو».له‌م قه‌ڵایه‌دا جگه له‌ئازارو ئه‌شكه‌نجه‌و ده‌ستدرێژی كردن، برسی كردنی زیندانییه‌كان ئامانجێكی تری حكومه‌تی به‌عس بوو، یان گرنگی نه‌دان به‌ته‌ندروستی‌و فه‌رامۆشكردنیان. ژن‌و منداڵه‌كان ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌م قه‌ڵایه‌دا بوون، به ناهه‌موارترین رۆژه‌كانیان ده‌ژمێرن كه فه‌رامۆشكردنیان‌و برسی كردنیان گه‌یشته راده‌یه‌ك كه منداڵ له‌برسا بمرێت. ئه‌مه جگه له‌وه‌ی شوێن‌و رێگایان زۆر ناهه‌موارو كوشنده‌بوو، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌رئاویان هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا بوو، كه ئه‌مه قێزه‌ونترین حاڵه‌ت بوو لای گیراوه‌كان. ئه‌وان ته‌نانه‌ت نانی ره‌قیشیان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت بیخۆن. ژنێكی گوندی وارمێلی ده‌ڵێت «پاش ئه‌وه‌ی به به‌رچاومه‌وه به شه‌ش كه‌س مێرده‌كه‌میان ئه‌شكه‌نجه‌دا، له‌هۆش خۆم چووم‌و پاش ئه‌وه بردیانینه ناو قاعه‌كانه‌وه، كه زۆر پیس بوون. ئێمه‌یان له‌قاتی سه‌ره‌وه دانا، سێ رۆژ له‌وێ ماینه‌وه به‌بێ نان‌و ئاو، خه‌ریك بوو بمرین».ژنێكی دی ده‌یگوت «پاش ئه‌وه‌ی له گونده‌كه‌وه راگوێزراین بۆ قه‌ڵای نزاركێ، بردیانینه قاعه‌یه‌كه‌وه تا بڵێیت پیس‌و ناڕه‌حه‌ت بوو، زیندانییه‌كان هه‌ر له‌ناو قاعه‌كاندا پیساییان ده‌كرد. ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی به ته‌واوه‌تی ژیانمان لێتێك بچێت. نان خواردنمان تا بڵێیت خراپ بوو، چونكه جگه له‌وه‌ی زۆر خراپ بوو، زۆر زۆر كه‌م بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌كاتی خواردنه‌كه‌دا، لێیان ده‌داین‌و خواردنه‌كه‌یان ده‌كرده ناو پیساییه‌كه‌وه‌و ده‌یانگوت با مه‌سعود نانتان بۆ بهێنێت، ئێمه‌ش له‌برسا ناچار بووین له‌ناو پیساییه‌كه ده‌رمان ده‌هێناو ده‌مانخوارد. ماوه‌ی پانزه رۆژ به‌وشێوه‌یه ماینه‌وه‌و به‌وشێوه‌یه ژیانمان برده سه‌ر كه منداڵه‌كان زۆریان نه‌خۆش ده‌كه‌وتن‌و ده‌مردن. من به‌چاوی خۆم منداڵم ده‌بینی ده‌مردن‌و كه‌س نه‌بوو بیان باته ده‌ره‌وه. ده‌پاڕاینه‌وه‌و ده‌مان گوت بۆگه‌ن كوشتینی دوای چه‌ند رۆژێك ئه‌وسا ده‌هاتن ده‌یانبرده ده‌ره‌وه». قه‌ڵای نزاركێ گۆڕستان بوو بۆ پیاوه‌كان‌و جه‌هه‌نم بوو بۆ ژنه‌كان. پیاوه‌كان له‌و قه‌ڵایه‌دا دوا ساته‌كانی ژیانیان برده‌سه‌ر، هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له پیاوه‌كان به‌ر له‌وه‌ی بگه‌نه قه‌ڵای نزاركێ ره‌می كراون یان كوژراون. پیاوه‌كانیان هه‌ر له‌وجێگه‌یه‌ی كه ده‌ستگیرده‌كران، گولله‌باران ده‌كران یان ده‌گواسترانه‌وه بۆ جێگه‌یه‌كی دی‌و ده‌ستیان ده‌به‌ستن‌و ره‌میان ده‌كردن. هه‌ندێكیشیان له‌گه‌ڵ ژن‌و منداڵه‌كانیاندا هێنراونه‌ته قه‌ڵای نزاركێ‌و له‌وێ به‌چه‌ندین شێوه ئه‌شكه‌نجه دراون‌و كوژراون. دیاره ئێمه له‌ئه‌نجامی گه‌ڕان‌و ئه‌و دیمانانه‌ی كردمان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره، كه‌سیان ئاگایان له‌چاره‌نوسی پیاوه‌كانیان نییه‌و نازانن چاره‌نوسیان به‌چی گه‌یشتووه. هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كیش تائێستا باسی له‌چۆنیه‌تی كوشتن‌و گولله‌بارانكردنی پیاوه‌كانی نه‌كردووه، به‌ڵام په‌یمانگاكه‌ی ئێمه، دوای گه‌ڕان‌و سۆراخكردنێكی زۆر، قوربانییه‌كی پرۆسه‌ی ئه‌نفالی بادینانی دواند كه له پرۆسه‌ی گولله‌بارانكردن به‌شێوه‌یه‌كی زۆر سه‌یر رزگاری بووه. هه‌رچه‌نده هه‌ندێك له‌پیاوه‌كان له‌قه‌ڵای نزاركێ به‌به‌رچاوی خێزانه‌كانیانه‌وه ئه‌شكه‌نجه ده‌داو هه‌ندێكیان به‌م ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ش گیانیان له‌ده‌ستده‌دا، به‌ڵام ئه‌مه ناكاته ئه‌وه‌ی ئێمه له‌كۆی ئه‌و پرۆسه‌یه تێبگه‌ین‌و بزانین پیاوه‌كان به‌چ شێوه‌یه‌ك پاكتاوكراون. دیاره كوشتنی چه‌ند كه‌سێك به‌به‌رچاوی خێزانه‌كانیانه‌وه، مه‌به‌ست لێی ته‌نها تۆقاندنی خێزانه‌كانیان بووه‌و به‌دیوێكی تریشدا، دیاری كردنی چاره‌نوسیان بووه بۆ خێزانه‌كانیان. واته له‌و رێگه‌یه‌وه سه‌ربازه‌كان ده‌یان ویست به‌ماڵ‌و منداڵی ئه‌و گیراوه‌نه بڵێن كه چاره‌نوسی باوك‌و براو مێرده‌كانیان كوشتنه. به‌ڵام مه‌به‌ستی ئێمه لێره‌دا ئه‌وه‌یه بزانین ئه‌و ژماره زۆره‌ی له‌م ناوچه‌یه له‌ناوچوو، به چ رێگه‌یه‌ك له‌ناویان بردون.ئه‌و قوربانیه‌ی دیمانه‌مان له‌گه‌ڵدا كرد، واباسی به‌سه‌رهاتی گولله‌بارانه‌كه ده‌كات: «كاتێك كه له‌لایه‌ن سه‌ربازه‌كانی حكومه‌ته‌وه گیراین، سه‌ره‌تا ژن‌و منداڵه‌كانیان جیاكرده‌وه‌و له‌ناو پیاوه‌كانیشدا 33 كه‌سیان جارێكی تر جیاكرده‌وه، كه له‌ناویاندا من‌و باوكم‌و سێ برامی تێدابوو. سه‌ربازه‌كان به‌بیانووی شاره‌زایی ناوچه‌كه‌وه ئێمه‌یان جیاكرده‌وه. پاشان ژن‌و منداڵه‌كانیان گواسته‌وه. پاشان ریزیانكردین‌و 18سه‌رباز به‌چه‌كه‌وه وه‌ستان به‌رامبه‌رمان. ملازم محه‌مه‌د ئه‌مری به سه‌ربازه‌كان كرد‌و وتی ره‌میان كه‌ن. ده‌ستبه‌جێ سه‌ربازه‌كان كه‌وتنه ته‌قه‌كردن لێمان. كوڕێك له‌پێشمه‌وه بوو، فیشه‌كێك به‌ر ده‌موچاوی كه‌وت‌و كه‌وت به‌سه‌ر منداو منیش خۆم خست به‌زه‌وییه‌كه‌دا، به‌ڵام فیشه‌كم به‌رنه‌كه‌وت، پاش ئه‌وه‌ی مه‌خزه‌نه‌كان به‌تاڵبوون، زابته‌كه وتی مه‌خزه‌نی تر بكه‌نه سه‌ر چه‌كه‌كانتان‌و جارێكی تر ته‌قه‌یان لێكردینه‌وه. من فیشه‌كێك به‌ر پشتم كه‌وت، به‌ڵام له‌سنگم ده‌رنه‌چوو، جارێكی تر مه‌غزه‌نی چه‌كه‌كانیان پڕ كرده‌وه‌و گولله‌بارانیان كردینه‌وه. ئه‌وكات گوێم له‌ده‌نگێكی زۆر بوو له‌ناو خه‌ڵكه‌كه ده‌یان ناڵاند، وه‌ك ئه‌وه‌ی خه‌ریك بێت گیانیان ده‌ربچێت‌و دواهه‌ناسه‌و دوا سكاڵایان بكه‌ن. من نه‌مده‌زانی كێ به‌ركه‌وتووه‌و كێ ماوه. پاشان گوێم له زابته‌كه‌بوو وتی بڕۆن دانه دانه فیشه‌كیان پێوه بنێن بۆئه‌وه‌ی هه‌موویان ته‌واو بن‌و ئێمه‌ش بڕۆین. سه‌ربازه‌كه هات‌و دانه دانه كڵاشینكۆفه‌كه‌ی له‌سه‌ر ده‌گرتین‌و ته‌قه‌ی ده‌كرد، له‌وكاته‌دا گه‌یشته سه‌ر من، من به‌ده‌مدا كه‌وتبووم، دوو فیشه‌كی دیكه‌ی نا به‌پشتمه‌وه.پاشان زابته‌كه وتی «ته‌واو»؟.سه‌ربازه‌كه وتی «به‌ڵێ گه‌وره‌م».دوای ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كان رۆیشتن، پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ستام گه‌ڕام بزانم باوك‌و براكانم ماون، ئه‌وان هیچیان نه‌مابوون، فیشه‌كێكی زۆر به‌گیانیانه‌وه بوو. پاشان هاوارم كرد كێ ماوه، هاشم ناوێك وتی من ماوم، به‌ڵام هه‌ردوو قاچم برینداره.ژنێكی گوندی وارمێلێ ده‌ڵێ «له رۆژێكی هه‌ینی 8/1988 پیاوانی گوند هه‌موو له‌مزگه‌وت بوون، له‌وكاته‌دا ته‌یاره‌كانی حكومه‌تی عێراقی هاتنه سه‌ر گونده‌كه‌مان‌و بۆردومانی كردین. خه‌ڵكی گوند به‌ره‌و شاخه‌كه رامان كردوو له‌وێوه ویستمان به‌ره‌و سنوری توركیا بڕۆین، به‌ڵام حكومه‌ت پێشی لێگرتین‌و نه‌مان توانی رابكه‌ین. ده‌ورمان به‌جه‌یش‌و جاش گیرا‌و ده‌ستگیر كراین، ته‌فتیش كراین‌و هه‌موومانیان كۆكرده‌وه‌و كردیانینه ئیڤایه‌كه‌وه‌و به‌ره‌و ناحییه‌ی مانگێشكه بردیانین. له‌وێ له‌ناو حه‌وشه‌ی ئه‌و گونده دایان ناین، ژن‌و منداڵیان به‌جیا دانا‌و پیاویشیان به‌جیا دانا. ئه‌و شه‌وه ماینه‌وه، بۆ به‌یانییه‌كه‌ی پیاوه‌كانیان كرده ناو ئیڤاوه‌و له‌گه‌ڵیاندا سنوقی فیشه‌كیان باركرد. جاشه‌كان وتیان به‌و فیشه‌كانه پیاوه‌كانتان ده‌كوژین‌و له‌تله‌تیان ده‌كه‌ین‌و ده‌یان كه‌ینه ئه‌و سندوقانه‌وه. ئیتر له‌وه به‌دواوه پیاوه‌كانمان نه‌بینییه‌وه».
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق