جار ئەم لاپەڕە بینراوە

الاثنين، 14 يوليو 2008

له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خانویه‌ك به‌سه‌ر ماڵێكدا روخا ... ئا: خه‌بات نه‌وزاد







شه‌وی رابردوو خانویه‌كی كۆنی پاشماوه‌ی كاره‌ساتی كیمیاوی باران كردنی هه‌ڵه‌بجه‌، به‌سه‌ر مالێكی خاوه‌ن شه‌هید و برینداری كاره‌ساته‌كه‌دا روخا، خاوه‌نی ئه‌و ماڵه‌ له‌ئاست خه‌مساردی حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ قوربانیانی هه‌ڵه‌بجه‌ جگه‌ له‌ بێده‌نگی هیچی تر شكنابات و وتی "شه‌رمه‌زاریه‌ پاش تێپه‌ر بوونی بیست ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌دا ئێستا خانو هه‌بێت به‌سه‌ر دانیشتوانیدا بڕوخێت"جلال احمد ته‌مه‌ن شه‌ست ساڵ خاوه‌نی ئه‌و خانوه‌یه‌ كه‌ كاتژمێر یه‌ك و سی ده‌قیقه‌ی شه‌وی 7/8/7/2008 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید به‌سه‌ریاندا روخا ئه‌و، لێپرسراوی خێزانێكه‌ كه‌ شه‌هیدێكی چه‌كی كیمیاوی هه‌یه‌ و دوو كه‌سی دیان كاریگه‌ری ئه‌و چه‌كه‌ ژیانی لی تاڵ كردون، جلال ڕوداوه‌كه‌ی بۆ رۆژنامه‌نوسان گێرایه‌وه‌ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كرد شه‌و 7-8/7 له‌كاتێكدا هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی جگه‌ له‌ هه‌ورامانی كوری شیرین خه‌ودا بوون، زرمه‌ی روخانی خانوه‌كه‌ی هاتووه‌ وتی "خوا ره‌حمی پێكردین هه‌ورامان خه‌ریكی كاری كۆمپیوته‌ر بوو له‌و ژوردا كه‌ روخا به‌لام سوپاس بۆ خوا ئه‌و ئێستا باشه‌ ته‌نها كه‌مێك زیانی پێكه‌وتووه‌" ئه‌و له‌درێژه‌ی قه‌سه‌كانیدا وتی ئێمه‌ ده‌مێكه‌ ئه‌زانین ئه‌م خانوه‌ مه‌رجی ژیانی تیانیه‌ "به‌ڵام ده‌لێی چی به‌ده‌ست كاربه‌ده‌ساتی ئه‌م شاره‌وه‌ شه‌ش ساڵه‌ ناوم بۆ خانو كردنه‌وه‌ ئه‌نوسرێت به‌ڵام ئه‌كوژێنرێته‌وه‌، ئه‌م خانوه‌ی من پاشماوه‌ی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ و نۆژه‌ن نه‌كراوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام خانوی وه‌ها كراوه‌ته‌وه‌ به‌ناوی هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌رزی هه‌واییه‌". ئه‌م خێزانه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ئێستا خانوی ژیانیان نیه‌ له‌ كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ش دا قوربانیان داوه‌، ره‌عنا ره‌شید سعید كه‌ خێزانی جلاله‌ و دایكی ئه‌و مندالانه‌یه‌ ئه‌مشه‌و به‌ سۆزی خوا له‌ژێر دار و په‌ردوی ئه‌و خانوه‌ روخاوه‌ دا ده‌رچوون، بۆخۆی پاش تێپه‌راندنی ته‌مه‌نێك له‌گه‌ڵ ئازارو ده‌واو ده‌رمان به‌هۆی كاریگه‌ری چه‌كی قه‌ده‌غه‌ كراوی به‌كار هاتووی كیمیاوی له‌ 16/5/2008 دا گیانی له‌ده‌ستدا، ئه‌ویش چوه‌ ریزی ئه‌و قوربانیانه‌ی كه‌ له‌ خه‌مساریدی ده‌سته‌لات به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵه‌بجه‌ شه‌هید بوو، جلال احمد به‌حوزن و كه‌مێك دڵ پڕبوونه‌وه‌ ده‌ستی بۆ ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كاغه‌زانه‌ راكێشا كه‌ تۆزی روخانی خانوه‌كه‌ لێنیشتبوون و وتی "ئه‌وه‌ هه‌موو راپۆرتی پزیشكی ره‌عنان ده‌بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ چاره‌ سه‌ر بكرایه‌ به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ نه‌هاتن به‌ ده‌میه‌وه‌ تا گیانی له‌ده‌ست دا"، ئه‌م پاوه‌ هێمای بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌منداڵه‌كانیشی توشی نه‌خۆشی قه‌سه‌بات بون و وتی "جیهادی كورم دوێنی 40 ده‌رزیان بۆ نوسیوه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ژێر چاودێری پزیشكیدا بێت" به‌سه‌رسورمانه‌وه‌ وتی "كوا هه‌ڵه‌بجه‌كه‌تان؟ ئه‌مه‌ هه‌موو وه‌فاتانه‌ بۆی؟!، شه‌رمه‌ دوای بیست ساڵ خانو له‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا هه‌بێت به‌سه‌ر خه‌ڵكیدا بڕوخێت". به‌پێی قسه‌كانی خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ ده‌ست به‌جی به‌نوسراوی ره‌سمی سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ له‌روداوه‌كه‌، پاش تێپه‌ر بوونی نزیكه‌ی 10 كاتژێمر به‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌دا لیژنه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تی شاره‌وانی سه‌ردانی روداوه‌كه‌یان كرد، ئه‌ندازیار رێژین سیف الدین له‌لیژنه‌ی شاره‌وانی له‌ لێدوانێكیدا وتی "كاری ئێمه‌ ته‌نها سه‌ردانی ماڵه‌كه‌ بووه‌ و راپرۆت به‌رزده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی دواتر بڕیار لای ئه‌وانه‌"، بڕیاره‌ ژماره‌یه‌ك خانوی تر بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ئاینده‌دا بكرێته‌وه‌ له‌ڕێی سه‌رچاوه‌یه‌كه‌وه‌ له‌شاره‌وانی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌مان زانیوه‌ ئه‌و خانه‌وه‌ ناوی له‌ لیستی خانوه‌ كراوه‌كاندا نیه‌. له‌پاش كاره‌ساتی 16/3 ی هه‌ڵه‌بجه‌ تائێستا به‌به‌رده‌وامی كاریگه‌ری و پاشماوه‌كانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ئازاری خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌ ئه‌دات، رۆژانه‌ له‌ بریندارانی ئه‌و كاره‌ساته‌ ئه‌مرێت و روداوی خانو روخانی له‌م چه‌شنه‌ش دوباره‌ ئه‌بێته‌وه‌.

ليست هناك تعليقات: